ئیمارات بووە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

11-06-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئیمارات
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمڕۆ ئیمارات بە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ساڵانی 2022-2023 لە گرووپی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن هەڵبژێردرا.
 
سەبارەت بەو پێشهاتە، محەممەد بن زاید ئال نەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "هەڵبژاردنی ئیمارات ئەمڕۆ بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ساڵانی 2022-2023 دەرخەری متمانەی جیهانە بە سیاسەتی ئیمارات و لێهاتوویی و کاریگەری سیستمی دیپلۆماسیی ئیمارات.. ئیمارات بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی بەرپرسیارێتییەکانی بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و هاوئاهەنگی و پەرەپێدان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی."
 
هاوکات محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و دەسەڵاتداری دوبەی، ئەمڕۆ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "هەڵبژاردنی ئیمارات بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ساڵانی 2022-2023 دەرخەری دیپلۆماسی چالاکی ئیمارات و پێگەی نێودەوڵەتییەتی؛ لەگەڵ نموونەی جیاوازی پەرەپێدانی.. زۆر سوپاس بۆ تیمی دیپلۆماسی ئیمارات بە سەرکردایەتی شێخ عەبدوڵڵا بن زاید.. چاوەڕوانین ماوەی ئەو ئەندامێتییە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کارا و چالاک بێت."
 
هەروەها لانە زەکی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری سیاسەت لە ئیمارات کە هاوکات نوێنەری ئیماراتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی فەرمیی ئیماراتی راگەیاند: "وڵاتی ئیمارات باوەڕی وایە کە زۆر شتی هەیە بۆئەوەی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەموو سیستمی فرەلایەنی بکات."
 
لە خولی 75ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ دەستیپێکرد؛ پێنج ئەندامی ناهەمیشەیی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەڵبژێردران کە یەکێکیان ئیماراتە و بە 179 دەنگ بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا بۆ ئەو ئەندامێتییە هەڵبژێردرا، ئەندامێتی ئەو ئەندامە نوێیانەش لە ساڵی 2022 تاوەکو 2023 بەردەوام دەبێت.
 
ئیمارات لە ماوەی ساڵانی 1986-1987 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە ئەندامی کاتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
 
ڤۆلکان بۆزکر، سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "دوای بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی پێویست، ئەلبانیا، بەرازیل، گابۆن، غانا و ئیمارات وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خولێکی دوو ساڵی هەڵبژێردران کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2022ـەوە دەستپێدەکات."
 
شێخ محەممەد بن رەشید ئال ماکتوم، حاکمی دوبەی لە تویتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری هەڵبژاردنی وڵاتەکەی وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ دیپلۆماسیی کارامە و پێگەی نێودەوڵەتی و گەشەی نایابی ئیمارات.
 
ئیمارات لە زۆر رووەوە، لە پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشدایە. ساڵی 2018 پاسپۆرتی ئەو وڵاتە بە بەهێزترینی جیهان دەستنیشانکرا و ئەمساڵیش لە ریزبەندی چواردەیەمینی جیهاندا دێت و هەڵگرەکەی دەتوانێت بێ ڤیزە سەردانی 118 وڵات بکات. 
 
وەکو هاندەرێکیش بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات، ئیمارات وڵاتینامەی خۆی بێبەرامبەر بە کەسانی شارەزا، داهێنەر، زانا و وەبەرهێنەرە سەرکەوتووەکان دەدات. 
 
بە گوێرەی دوایین سەرژمێریی فەرمی کە ساڵی 2018 ئەنجامدراوە، ژمارەی دانیشتووانی ئیمارات 9 ملیۆن و 631 هەزار کەسە، ئەوەی جێگەی سەرنجە تەنیا 11.48٪یان بەرەچەڵەک ئیماراتین، ئەوانی دیکە هەموویان خەڵکی دەرەوەن و وڵاتینامەیان وەرگرتووە. 
 
ئیمارات لە رووی داهاتی تاکەکەسەوە، نۆیەمی جیهانە و ساڵانە هەر تاکێکی لانیکەم 70 هەزار دۆلاری دەستدەکەوێت. 
رێژەی هەژاری لە ئیمارات سفرە، لە 2014ـەوە تا ئێستاش بەو شێوەیە ماوەتەوە. 
 
سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئەو وڵاتە، نەوت و گازە. ساڵی 2019، واتە پێش تێکچوونی بازاڕەکان بەهۆی کۆرۆنا، ئیمارات 66.2 ملیار دۆلاری لە هەناردەکردنی ئەو دوو بەرهەمە دەستکەوت. 
 
ئەو وڵاتە کە لە ساڵی 1971 سەربەخۆیی لە بەریتانیا بەدەستهێناوە، بەهۆی باڵەخانە هەوڕبڕ و دوورگە دەستکرد و شاکارە بیناسازیەکانیەوە، بووەتە یەکێک لە دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان و ساڵی 2019 پێشوازی لە 22 ملیۆن گەشتیار کرد.
 
ئیمارات خاوەن بەرزترین باڵەخانەی جیهانە کە بورج خەلیفەیە لە دوبەی و بەرزییەکەی 828 مەترە. لە رووی تەکنەلۆژیشەوە، خێراترین ئینتەرنێتی سەر ئاستی جیهانی هەیە و سەرووی 97٪ی دانیشتووانەکەی سۆشیاڵ میدیا بەکاردێنن. هەروەها ئەم ساڵ، بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی و پێنجەمی جیهان کە گەشت بۆ مەریخ ئەنجامبدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە