ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر رەفەحی غەززە مەترسیی برسێتی لە شارەکە زیاتر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک غەززەییەکان مەترسیی برسێتییان لەسەرە و بە ناچاری بۆ چەندەمین جار لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا ئاوارە دەبنەوە. دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رەفەح لەلایەن ئیسرائیلەوە چیدی شارەکەی باشووری کەرتی غەززە سەلامەت نییە.
رامی خور، هاووڵاتیی فەلەستینی دەڵێت، "دڵنیاین لەوەی برسێتییەکی زۆر لە رەفەح روودەدات، هاوشێوەی ئەوەی لە باکووری غەززە روویدا. [سوپای ئیسرائیل] دەستیان بە هێرشکردن کردووە و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیمان شەهید بوون."
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 110 هەزار کەس لە رەفەحەوە بۆ کەناراوەکانی دێر بەلەح لە رۆژئاوای کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
نەخۆشخانەکانی شارەکەش ناتوانن پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی نەخۆش و بریندارەکان بکەن و ئەوەیان راگەیاندووە، ئەگەر هاوکاریی زیاتریان پێشکێش نەکرێت، چیدیکە ناتوانن بەردەوام بن.
زیاتر لە 1.4 ملیۆن کەسیش لە شارەکە ماونەتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، ئەوەش جگە لەوەی ئەگەر رێکخراوە خێرخوازییەکان نەبن، ئەوا خەڵک نان نابێت بیخۆن.
حەسەن شافی، هاووڵاتیی فەلەستینی دەڵێت، "ئێستا ئێمە بۆ بەدەستهێنانی خۆراک پشت بە رێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەستین، لەبەر ئەوەی ناتوانین هیچ بکەین، لە بازاڕەکانیش تەنیا شتی زۆر سەرەتایی هەن، کە پێداویستییەکانی ئێمە پڕناکەنەوە. ئەگەر هاوکارییەکانی رێکخراوە خێرخوازییەکان نەمێنن، هیچ شتێک نابێت بیخۆین."
سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی رەفەحی دەستپێکردووە و ئەو پێشنیازەشی کە حەماس بۆ ئاگربەست پێی رازی بووە رەتیکردووەتەوە، حەماسیش پێیوایە ئەوەی ئیسرائیل دەیکات هەموو شتەکان دەباتەوە خاڵی دەستپێک.