میری کوێت پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
میری کوێت بڕیاری دا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و چەند مادەیەکی دەستووریشی بۆ ماوەیەکی کاتی راگرت.
رۆژی شەممە 11-05-2024 میدیای فەرمیی کوێت رایگەیاند، "شێخ مەشعەل ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت فەرمانێکی دەرکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و راگرتنی چەند مادەیەکی دەستوور بۆ ماوەیەکی کاتی، کە زیاتر نەبێت لە چوار ساڵ."
میدیاکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، میر و ئەنجوومەنی وەزیران دەبنە خاوەن "هەموو ئەو دەسەڵاتەی پەرلەمان هەیەتی."
لەبارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، میری کوێت دەڵێت، بڕیارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان دەستوەردانیان لە دەسەڵاتی میر کردووە و "مەرجیان داناوە بۆ پێکهێنانی حکومەت."
لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا، میر مەشعەل گوتی، "رووبەڕووی کۆمەڵێک زەحمەتی و بەربەست بووینەوە کە جێگەی قبووڵکردن نین."
شێخ مشعەلی تەمەن 83 ساڵ، رەخنەی لە بەشێک لە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی گرت و گوتی، "ئەوان تەنانەت دەستوەردانیان لە دڵی دەسەڵاتی میر کردووە و رەخنەیان لە هەڵبژاردنی شازادەی جێنشین گرتووە، لەبیریان چووە کە ئەوە مافێکی دەستووریی رەهای میرە."
تەنیا شەش هەفتە بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوێت کرابوو. بڕیاربوو رۆژی دووشەممە 13-05-2024 پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆببێتەوە و سەرۆکوەزیران دەستنیشان بکات؛ بەڵام چەند پەرلەمانتارێک بڕیاریان دا بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان نەکەن.
شێخ مەشعەل لە پەیامەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، "شکستی پێکهێنانی حکومەت بەهۆی چەند مەرجێکی ژمارەیەک لە یاسادانەران بووە."
بەدر سەیف، شرۆڤەکاری سیاسی لە زانکۆی کوێت لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "میری کوێت هەنگاوێکی مێژوویی نا، ئەم جۆرە هەنگاوە تەنیا لە ساڵانی 1976 و 1986 بیندراوە."
شێخ مەشعەل ئەلسوباح رۆژی 16-12-2023، دوای کۆچی دوایی شێخ نەوافی زڕبرای، وەکو 17یەمین میری وڵاتەکە دیاریکرا.
شێخ مەشعەل دوای چوار رۆژ سوێندی یاسایی خوارد و بڕیاریدا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە بەهۆی ئەوەی "پەرلەمان زیان بە بەرژەوەندیی نیشتمان دەگەیێنێت."
میری کوێت ئەوکات رایگەیاند، "لە چەندین لێدوانی پێشوومدا ئاماژەم بەوە داوە، چەند پێویستییەکی نیشتمانی هەن دەبێت جێبەجێ بکرێن. ئێمە هیچ گۆڕانکاری و راستکردنەوەیەکمان لە کابینەی حکومەت و پەرلەمان نەبینیوە. بەڵکو تەنیا زیانیان بە گەل و نیشتمان گەیاندووە."
میرە نوێیەکە، کە پێشتر شازادەی جێنیشین بوو، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، "هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە". ئەو هەروەها هۆشداریی دا لەوەی "وڵاتەکەمان بە قەیران، ئاڵنگاری و مەترسی گەمارۆدراوە، بۆیە پێویستە چاوێک بە هەموو لایەنەکان بخشێنینەوە."
بەپێی مادەی 107 لە دەستووری کوێت، "میری وڵات دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەر هۆکارێکی هەبێت."
پەرلەمانی کوێت کە بە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوێت ناسراوە لە 1963 دامەزراوە، پەرلەمانەکە لە 50 ئەندام و 16 وەزیری حکومی پێکدێت. پەرلەمانی کوێت بەوە جیا دەکرێتەوە کە ئەندامی سەربەخۆی زۆرە. ساڵی 2001 نەیسان براون، زانای ئەمریکی لە بواری یاسا و سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن پەرلەمانی کوێتی بە "سەربەخۆترین پەرلەمانی جیهان" وەسفکرد.
کوێت وڵاتێکی بچووکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و دەکەوێتە ناوچەی کەنداو؛ هاوسنووری عێراق و سعودیەیە. وڵاتەکە لە ساڵی 1613 دامەزراوە و لە ساڵی 1752 سەربەخۆیی لە ئەمارەتی بەنی خەلیل وەرگرتووە و پاشان دوای دوو رێککەوتننامە لەگەڵ بەریتانیا لە ساڵەکانی 1899 و 1913 دواجار لە 1961 سوپای بەریتانیا لە خاکەکەی چووەتە دەرەوە. لە 1991 دوای داگیرکردنی لەلایەن عێراقەوە، بە یارمەتیی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان ئازادکرا.
دانیشتووانی وڵاتەکە 4.4 ملیۆن کەسن، 1.45 ملیۆن لەو ژمارەیە کوێتی رەسەنن، کە 32.5%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و سێ ملیۆنەکەی دیکە هاووڵاتی بیانیی 100 وڵاتی جیاوازن و زۆربەی دانیشتووانەکە نیشتەجێی شاری کوێتی پایتەختن.
زمانی فەرمیی وڵاتەکە عەرەبی و ئینگلیزییە، جگە لەوانە زمانەکانی هیندی، بەنگالی، ئۆردو، مالیزی، فارسی، تورکی، فەرەنسی و پەشتویی قسەیان پێدەکرێت. سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە پەرلەمانی و پاشایەتییە.
%76.6ی دانیشتووانی کوێت موسڵمانن، 17.3% کریستیان و 6%یش ئایینی دیکەیان هەیە. دراوی وڵاتەکە دیناری کوێتییە و یەکێکە لە دراوە زۆر بەهێزەکانی جیهان بە جۆرێک یەک دیناری کوێتی بەرامبەر 3.26 دۆلاری ئەمریکییە.