رووداو دیجیتاڵ
کەرتی غەززەی فەلەستین، زیاتر لە 18 مانگە تەنیا وێرانکاریی و هێرش و کوشتنی بەخۆوە بینیوە، بەڵام ئێستا سەرۆکی فەرەنسا موژدەی بۆ خيڵکی فەلەستین پێیە و دەڵێت، رەنگە لە حوزەیرانی داهاتوو دان بە وڵاتەکەدا بنێن.
ئیبراهیم موسا، دانیشتووی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە فەرەنسا بکات لەم هەنگاوە ئەرێنییە و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەورووپا و جیهانیش هەمان هەنگاوی ئەرێنی بگرنەبەر."
حوسام عاجوور، دانیشتوویێکی دیکەی کەرتەکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێمە وەکو خەڵکی فەلەستینی خۆشحاڵبووین بەو دانپێدانانەی فەرەنسا و هیوادارین ئەو بڕیارە هاوکاری خەڵکی غەززە بکات و بەپەلە هاوکاری مرۆیی بگاتە دەستمان و ئێمە خەڵکێکین حەزمان بە ژیانە."
رۆژی چوارشەممە، 09ـی نیسان لە کاتی سەردانەکەی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، رەنگە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
تاوەکو ئێستا لە کۆی 193 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، 147 وڵات دانی بە دەوڵەتی فەلەستینیدا ناوە، بەڵام وڵاتانی زلهێزی رۆژئاوای وەکو ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا خۆیان لەو بابەتە بەدوورگرتووە.
لەبەرامبەردا ئیسرائیل سەرکۆنەی پلانەکەی ماکرۆنی کرد و رایگەیاند ئەوە، "خەڵاتکردنی تیرۆر و هاندانی حەماسە."
سەلوا شەندەغلی، دانیشتووی غەززەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "فەرەنسا وڵاتێکی زلهێزە لەنێو وڵاتانی ئەورووپا و هەم گوشارێکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام بەس نییە و پێویستمان بەوەیە وڵاتانی دیکەش پشتگریی لە پرسی فەلەستینی بکەن."
لەسەدا 75ـی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە. لە دوای جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، 10 وڵاتی دیکە دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا لەوانە ئیسپانیا و نەرویج و ئیرلەندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ