ئێران هەڕەشەی هێرشکردن دەکات و ئیسرائیلیش خۆی ئامادە دەکات

11-04-2024
تەنیا ئەحمەد
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بنکەی ئاسمانیی تێل نۆف لە رۆژئاوای وڵاتەکەی چاودێریی ئامادەکارییەکانی هێزی ئاسمانی لە ئەگەری هێرشی ئێران دەکات. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕین. کار لەسەر بنەمایەکی سادە دەکەین؛ هەرکەسێک ئازارمان بدات، ئازاری دەدەین. خۆمان بۆ فەراهەمکردنی ئاسایشی ئیسرائیل ئامادە دەکەین لە رووی بەرگری و هێرشکردنەوە." 
 
تاران کاژێری سفری راگەیاندووە؛ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بێ وەڵام نامێنێتەوە. 
 
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت: "باڵیۆزخانەکان لە هەر وڵاتێک هەبن، بە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن کە خاوەندارێتییان دەکات. کاتێک هێرش دەکەنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، وەکو ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە. رژێمە پیسەکە لەم بابەتەدا هەڵەی کرد؛ دەبێت تەمبێ بکرێت و دەشکرێت."
 
هەڕەشەکانی ئێران و ئەگەری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل یان بەرژەوەندییەکانی، نیگەرانی لای بەشێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستکردووە. 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی داوای کرد تاران دان بەخۆیدا بگرێت. 
ئەمریکاش هۆشداری دەداتە تاران. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "هەروەک بە نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانم گوت، پابەندبوونی ئێمە بۆ ئاسایشی ئیسرائیلەوە دژی ئەم هەڕەشانەی ئێران و پاشکۆکانی، پۆڵایینە. دووبارەی دەکەینەوە، پۆڵایینە. ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل."
 
یەکی نیسانی ئەم ساڵ، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و دوو فەرماندە و پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێرانی کوژران. 
 
ئێران دەڵێت، ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجام داوە؛ تەلئەڤیڤ رەتی نەکردووەتەوە، بەڵام پشتڕاستیشی نەکردوەتەوە. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر ئێران هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوانیش راستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر ئێران.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە