ئەڵمانیا داوای دانبەخۆداگرتن لە ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی قسەی کرد و داوای دانبەخۆداگرتنی تارانی لێکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی نیسانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەنالێنا بیربۆک، [وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا] لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ [حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان،] وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، "زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە"؛ هەروەها، "هەموو لایەنەکانی ناوچەکە داوایان لێدەکرێت بە بەرپرسیاریێتییەوە مامەڵە بکەن و دان بە خۆیاندا بگرن."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئێران لەکاتێکدایە، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات وەڵامی هێرشەکەی 1ی نیسانی ئەم ساڵ بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە سووریا بداتەوە. بەرپرسانی وڵاتەکە، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەسی لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی خۆی راگەیاند.
رۆژێک دوای هێرشەکە سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاندووە کە بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا".
بەهۆی زیادبوونی مەترسی و ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بڕیارە ئەمڕۆ جەنەرال مایکڵ ئێرێک کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بگاتە ئیسرائیل.
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا، سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بە تایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
ئیسرائیل لە دوای حەوتی تشرینی یەکەمەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر وڵاتەکە، هێرشەکانی چڕ کردوونەتەوە و لانیکەم 50 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.