بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆن: گرووپی ڤاگنەر هەوڵیانداوە چەک لە تورکیا بکڕن

11-04-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یەکێک لە بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، گرووپی چەکداریی ڤاگنەر کە نزیکن لە رووسیا و لە جەنگی ئۆکراینا رۆڵێکی بەرچاویان هەیە، هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ چەک لە تورکیا بکڕن.
 
شەوی دووشەممە، 10ی نیسانی 2023، میدیای ئەمریکا ئاشکرایان کرد، یەکێک لەو سەتان بەڵگەنامە نهێنییانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ماوەی چەند هەفتەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەکەن، گرووپی چەکداریی ڤاگنەری نزیک لە رووسیا، هەوڵیداوە لە رێگەی نوێنەرێکیانەوە لەگەڵ هەندێ لایەنی تورکی کۆببێتەوە بۆ کڕینی چەک لەو وڵاتە.
 
هەروەها بەڵگەنامە نهێنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، مەبەست لە کڕینی چەک لەلایەن ڤاگنەرەوە بۆ ئەوە بووە لە ئۆکراینا و مالی سوودیان لێوەربگرێت و بەکاریان بهێنن.
 
میدیای ئەمریکا ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە دیارنییە حکومەت و بەرپرسانی تورکیا ئاگاداری ئەو هەوڵانەی ڤاگنەر بوون و یاخود هەوڵەکانی ئەو گرووپە چەکدارییە لەرێگەی لایەنی سیێەمەوە بووە.
 
بەگوێرەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆن، هەوڵەکانی گرووپی ڤاگنەر لە مانگی شوباتی رابردوو بووە و تائێستاش حکومەتی تورکیا هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو زانیارییە دزەپپێکراوە نەداوە.
 
تورکیا هەوڵیداوە لە جەنگی ئۆکراینا بێلایەن بێت و لەگەڵ ئەوەی سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیای کردووە، لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا درۆنی بایراکی بە سوپای ئۆکراینا فرۆشتووە، بەڵام دژی سزاکانی وڵاتانی رۆژئاواش بووە کە بەسەر رووسیادا سەپاندوویانە.
 
دوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی پێنتاگۆن، هەردوو وەزارەتەکانی بەرگری و دادی ئەمریکا بە هاوبەشی لێکۆڵینەوەیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە کردووە کە هەندێکیان بە دۆسیەی زۆر نهێنی ناسراون و هەندێ بەرپرسی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن "بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی نێو ئەو بەڵگەنامانە، رەنگە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دروست بکات."
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، بەڵگەنامەکان پەیوەندییان بەو زانیارییانەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە هەیە کە بۆ بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئامادەکراون و زۆربەشیان پەیوەستن بە هەڵسەنگاندنی ئەو دەزگایانە بۆ جەنگی ئۆکراینا و هاوکاریی سەربازی بۆ سوپای ئەو وڵاتە و توانا سەربازییەکانی رووسیا و هەروەها چەند بەڵگەنامەیەکیشیان پەیوەندی بە دۆخی ئیسرائیل، کۆریای باشوور، میسر و ئێرانەوە هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە