سووریا و لوبنان دوای چەندین ساڵ لە بارگرژی، بەڵێنی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان دەدەن


رووداو دیجیتاڵ

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی راگوزەری سووریا ئەمڕۆ لە دیمەشق پێشوازی لە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کرد. 
 
ئەمە یەکەم جارە لە سەرەتای جەنگی نێوخۆی سووریاوە 2011ـەوە سەرکردەیەکی حکومەتی لوبنان سەردانی وڵاتەکە بکات. 
 
سەردانەکەی میقاتی دوای ئەوە هات کە مانگی رابردوو دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. 
 
حکومەتەکانی پێشووی لوبنان سەردانی سووریایان نەدەکرد و لە نێوخۆی وڵاتەکەیاندا لەسەر پشتیوانیی حیزبوڵڵا بۆ ئەسەد ناکۆکییان هەبوو. 
 
ئەحمەد شەرع گوتی، هیوادەخوازێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان هەڵبدەنەوە، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوەی کە پاش دوو ساڵ لە بنبەست، لوبنان سەرۆکێکی هەڵبژارد.  
 
شەرع گوتی: "پەیوەندیی ستراتیجیی درێژخایەن لەنێوان ئێمە و لوبناندا دەبن. ئێمە و لوبنان بەرژەوەندیی هاوبەشی گەورەمان هەیە."
 
فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سووریا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کاتی ئەوەیە "دەرفەت بە خەڵکی سووریا و لوبنان بدرێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی ئەرێنییان هەبێت،" گوتیشی، هیوادەخوازێت سەرۆکایەتیی جۆزێف عەون ببێتە هۆی سەقامگیری بۆ لوبنان.  
 
شەرع باسی لەوە کرد کە سووریا بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەناکانی لوبنان دەکات و "هەوڵدەدات کێشەکان بە دانوستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بکات."
 
هاوکات میقاتی گوتی، پێویستە پەیوەندییە نوێیەکان لەسەر بنەمای "رێزگرتنی هاوبەش، یەکسانی و سەروەری نیشتمانی" بن. 
 
پەنابەران
 
سووریا لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد بۆ ماوەی سێ دەیە هێزی باڵادەست بوو لە لوبنان. حافز ئەسەد، سەرۆکی ئەوکاتی سووریا لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1975-1990ی لوبنان دەستوەردانی کرد و بەشار ئەسەدی کوڕی دوای خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان کە بەهۆی تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری لوبنان دەستیانپێکرد، لە ساڵی 2005 هێزەکانی سووریای کشاندەوە.
 
دوای چاککردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، سەعەد حەریری، کوڕی رەفیق حەریری دوا سەرۆکوەزیرانی لوبنان بوو کە لە ساڵی 2010 سەردانی پایتەختی سووریای کرد. 
 
عەون کە رۆژی پێنجشەممە دەستبەکاربوو، بەڵێنیدا "دەرفەتی مێژوویی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی جیدی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا" لەدەست نەدات.
 
لەگەڵ لاوازبوونی حیزبوڵڵا دوای دوو مانگ شەڕی فراوان لەگەڵ ئیسرائیل لە کۆتایی پار و نەمانی ئەسەد، پێدەچێت سەرکردەکانی سووریا و لوبنان خوازیاری کارکردن بن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوە درێژخایەنەکانی نێوان وڵاتەکانیان.
 
یەکێک لەو کێشانە هەبوونی نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری سووریاییە کە لوبنان دەڵێت لە سەرەتای شەڕی سووریاوە پەنایان بۆ خاکەکەی بردووە.
 
میقاتی گوتی گەڕانەوەیان بۆ سووریا بووەتە "شتێکی پێویست بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵات".
 
حکومەتی لوبنان بۆ چەندین ساڵە گلەیی ئەوە دەکات کە حەواندنەوەی هەموو ئەو پەنابەرە زۆرانە بووەتە بارگرانی لەسەر وڵاتە بچووکەی سەر دەریای نێوەڕاست کە لە ساڵی 2019ـەوە تووشی خراپترین قەیرانی ئابووری لە مێژووی خۆیدا بووە.
 
میقاتی هەروەها گوتی گرنگە "سنوورە وشکانی و دەریاییەکانی نێوان لوبنان و سووریا دیاری بکرێن" و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە.
 
لە سەردەمی ئەسەد، سووریا چەندین جار رەتی کردەوە سنوورەکانی لەگەڵ دراوسێکەی دیاری بکات.
 
لوبنان هیواخوازە سنووری دەریایی دیاری بکات تا بتوانێت دەست بە دەرهێنانی گاز بکات دوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی 2022.
 
سەرۆک وەزیرانی لوبنان وتی هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی "کۆنترۆڵی تەواوی سنوورە (وشکانییەکان) کردووەتەوە، بەتایبەت لە خاڵە نایاساییەکانی سنوور، بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی".
 
قاچاخچێتی
 
سووریا سنوورێکی 330 کیلۆمەتری لەگەڵ لوبنان هەیە کە لە چەندین شوێن هێڵی سنووری فەرمی دیارنەکراوە، ئەمەش وای کردووە سنوورەکە کراوە و لەبار بێت بۆ قاچاخچێتی.
 
هەفتەی رابردوو سووریا کۆمەڵێک رێکاری نوێی لە بەرامبەر رۆیشتنی هاووڵاتییانی لوبنانی بۆ وڵاتەکەی گرتەبەر، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای لوبنان رایگەیاند لەسەر سنوور لەگەڵ چەند چەکدارێکی نەناسراو پێکدادان دروستبووە. 
 
پێشتر رێگە بە هاووڵاتیانی لوبنانی دەدرا بێ ڤیزە بچنە سووریا، تەنیا بە بەکارهێنانی پاسپۆرت یان ناسنامە.
 
لە هەفتەکانی دواییدا کۆمەڵێک کەسایەتی بیانی سەردانی دیمەشقیان کردووە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردە نوێیەکان.  رۆژی شەممە، شاندێکی عومانیش گەیشتە شارەکە. 
 
پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی کەنداو، عومان هەرگیز پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەسەد لە ماوەی شەڕدا نەپچڕاند.
 
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رۆژی هەینی سەردانی دیمەشقی کرد، لە کاتێکدا ژۆن نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و هاوتا ئەڵمانییەکەی ئەنالینا بێربۆک هەفتەی رابردوو سەردانیان کرد.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە سەرەتای مانگەوە سەردانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و ئوردنی کردووە، و رۆژی هەینی رایگەیاند کە بەم زووانە دەچێتە ئەورووپا.
 
شەڕی سووریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس  و ئابووری وڵاتەکەی وێران کردووە.