سوپای ئیسرائیل کوژرانی 18 چەکداری حەماس رادەگەیێنێت

11-01-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی 18 چەکداری حەماسیان لە نێوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە راگەیاند. 'هەشت لەو چەکدارانە بە نیشانەشکێن کراونەتە ئامانج.'
 
رۆژی پێنجشەممە 11-1-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 18 چەکداری حەماسیان کوشتووە. لە بڵاوکراوەیەکدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاند "سێ چەکدار کە لە توونێلێکی کەمپی مەغازیدا بوون، لە نێوەڕاستی غەززە کوژران."
 
هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هەروەها وێنەیەکیان بڵاوکردەوە کە بەگوتەی خۆیان، ئەوە ماڵی یەکێک لە چەکدارەکانە و چەندین چەکیان تێدا دۆزیوەتەوە، لەوانەش مووشەکهاوێژێک. 
 
سوپای ئیسرائیل هەروەها دەڵێت "نیشانەشکێنەکانمان هەشت تیرۆریستی حەماسیان کوشت، کە بەرەو قوتابخانەیەک دەڕۆیشتن، ئەوان ئەو قوتابخانەیەیان بۆ کردەی تیرۆریستی بەکاردەهێنا."
 
لە شاری خان یونس، هەروەک سوپای ئیسرائیل باسیدەکات، هێزەکانی ئیسرائیل سێ چەکداریان کوشتووە کە لە بنکەیەکی چەک و تەقەمەنی، دەهاتنە دەرەوە.
 
هەر لە خان یونس ئیسرائیل دەڵێت، چوار چەکدار کوژران کە پێشتر چەند مووشەکێکیان ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل کردبوو.
 
کەمکردنەوەی هێز لە غەززە
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە شاری چارڵستن، لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە رایگەیاند، "من، بەبێ دەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل کاردەکەم، تاوەکو ژمارەیەیان کەمبکرێتەوە و لە غەززە بچنە دەرەوە." 
 
کاتێک خەڵکەکە دەستیان بە هوتاف گوتنەوە کرد و هاواریان کرد "ئێستا ئاگربەست"، بایدن لە وەڵامدا گوتی، "لە داواکەتان تێدەگەم."
 
بایدن کە بە درێژایی جەنگی غەززە پاڵپشتیکارێکی گەورەی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بووە بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر ئەمریکیی تووڕە کردووە و لە 7ـی تشرینی یەکەمی پارەوە چەندین خۆپێشاندان لە دژی هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا کراوە، داوایان کردووە ئیدارەی بایدن گوشار لەسەر ئیسرائیل بکات بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ. 
 
بایدن چەند جارێک داوای لە ئیسرائیل کردووە دەست لە خەڵکی سڤیلی غەززە بپارێزێت، ئەمەش لەکاتێکدایە وەک بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە سەرەتای شەڕی غەززە لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 22 هەزار و 600 فەلەستینی کوژراون کە لەسەدا 70یان ئافرەت و منداڵ بوون.
 
ئەمڕۆ 96 رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا تێدەپەڕێت. چەکدارانی حەماس لە بەرەبەیانی 7-10-2023 تۆفانی ئەقسایان لە دژی ئیسرائیل راگەیاند و هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیکی. حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو رۆژە هەزار و 148 کوژران و 250 کەسیش بە بارمتە گیران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە