وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا حووسییەکان دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

11-01-2021
سۆران عومەر
نیشانەکردن حوسییەکان لیستی تیرۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا حووسییەکانی یەمەن وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت و دەیخاتە لیستی رەشی خۆیەوە.
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کردووە ئەمریکا گرووپی یاخی حووسییەکانی یەمەن وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەناسێنێت، "چونکە ئەو گرووپە مەترسین بۆ  خراپترکردنی قەیرانی مرۆیی یەمەن".
 
هەروەها لەو راگەیێندراوەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەو گرووپە دەبێت بەهۆی کردە تیرۆریستییەکانەوە لە یەمەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت"، بەتایبەت ئەو هێرشانەی  لەسەر سنوورەکان ئەنجامی دەدەن، هێرشکردنیان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، ژێرخانی یەمەن و کەشتییە بازرگانییەکان.
 
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە راگەیێندراوی تایبەت بە ناساندنی حووسییەکان وەک گرووپی تیرۆریستی بڵاودەکاتەوە، چونکە ئەمریکا پێیوایە حووسییەکان رێگرن لە بەردەم هەر گفتوگۆ و دانوستاندنێکی ئاشتی تایبەت بە دۆخی یەمەن، هەر بۆیە پێویستە گرووپەکە لە هەر چالاکییەکی سیاسی لە یەمەن رابگیرێت و مامەڵەی گرووپێکی تیرۆریستیان لەگەڵدا بکرێت.
 
ئەمریکا دەیەوێت ئەو گرووپەی نزیک لە ئێران لە یەمەن لاواز بکات و لەو رێگەیەوە بوارێک بۆ دانوستاندن لە یەمەن لەنێو گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی ناو یەمەن بکاتەوە. 
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە کە ئیدارەی کۆشکی سپی پێیوایە حووسییەکان لە ماوەی رابردوودا بەردەوام رێگرییان لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ یەمەن کردووە و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو گرووپە دەتوانێت بواری زیاتر بۆ کاری رێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان لەو وڵاتە بکاتەوە.
 
پۆمپەیۆ راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە کۆشکی سپی پرسی بە تیرۆریستناساندنی حووسییەکان دەداتە کۆنگرێسی وڵاتەکەی، بۆ ئەوەی بە فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە بخرێتە لیستی رەشەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی. 
 
هەروەها ناوی هەریەک لە سەرکردە حووسییەکانی وەک عەبدولمەلیک حووسی، عەبدولخاڵق بەدرەدین حووسی و عەبدوڵڵا یەحیا حەکیمی هێناوە کە وەک کەسایەتیی حووسی دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە.
 
حووسییەکانی یەمەن کە بە ئەنساروڵڵاش ناسراون لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نیوخۆیی یەمەنەوە دەستیان بەسەر ناوچەکانی باکووری یەمەندا گرتووە و لەلایەن ئێرانەوە هاوکارییان دەکرێت، ماوەی پێنج ساڵیشە سعودیە و هاوپەیمانەکانی کامپەینی سەربازییان بۆ سەر حووسییەکان دەستپێکردووە.
 
بەهۆی رووبەڕووبوونەوە و شەڕی ناوخۆوە لە یەمەن، بەگوێرەی داتای نەتەوە یەکگرتووەکان 80%ی خەڵکی ئەو وڵاتە رووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە و ملیۆنان خەڵکیش لە برسێتیدا دەژین بەبێ ئەوەی بتوانرێت هاریکاریی مرۆیی بگەیێنرێتە خەڵکی ئەو وڵاتە.
 
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێز مانگی رابردوو رایگەیاند کە یەمەن خراپترین شوێنی جیهانە بۆ برسێتی و لە چەند دەیەی رابردوودا وێنەی نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە