هەژاری، بێكاری و نەخۆشی کێشەی سەرەکی دانیشتووانی یەمەنە

11-01-2019
ئەیاد مەوسمی
خۆراک و دەرمانی پێویست لە یەمەن دەستناکەوێت
خۆراک و دەرمانی پێویست لە یەمەن دەستناکەوێت
نیشانەکردن یەمەن
A+ A-

رووداو-هەولێر

هەژاری، بێكاری و نەخۆشی تەنگی بە دانیشتووانی حودەیدە هەڵچنیوە و دانیشتووانی شارەکە بۆ ئەوەی برسی نەبن، چاوەڕێی وەرگرتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن. 

بەرپرسانی نەخۆشخانەی حودەیدە دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی برسێتی ژمارەی ئەو کەسانەی بەدخۆراکییان هەیە زۆر بەرز بووەتەوە. بەگوتەی دانیشتوویەکی حودەیدە، سەرەڕای ئەوەی کار دەکەن بەڵام خۆراکی پێویستیان دەستناکەوێت. 

لە یەكێك لە بازاڕە میللـیەكانی شاری حودەیدە، دانیشتووانەکەی بەدەست نەهامەتییەکی هاوبەشەوە دەناڵێنن و هەر هەموویان بەسكی بەتاڵەوە بەدوای خۆراك و داو و دەرماندا دەگەڕێن.

زۆربەی دانیشتووانی شاری حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن بەدەست هەژاری و بێكارییەوە دەناڵێنن، ئەو فرۆشیارانە تەواوی رۆژ لەو بازاڕە دەبەنە سەر بۆ ئەوەی شتێكیان دەستكەوێ‌ و برسیەتییان نەمێنێت.

ژنانیش لەگەڵ منداڵەكانیان لەوێ دەوەستن و چاوەڕێی وەرگرتنی شیر دەكەن، هەژاری، بێكاری و نەخۆشی سێ نەهامەتین تەنگی بە دانیشتووانی شارەكە هەڵچنیووە.

دایكی ریناد، لەگەڵ منداڵەكەی تووشی بەدخۆراكی بوون، ئەو دەڵێت: "لەگەڵ كوڕەكەم گەیشتمە ئێرە كێشەی كەم خوێنی و بەدخۆراكیمان هەبوو، ژیانێكی زۆر سەخت دەگوزەرێنین، خواردنی پێویستمان دەستناكەوێ‌، من دووگیانم كەمخوێنیشم هەیە، هاوژینەكەشم لەبەندەر كاری حەمباڵی دەكات، رەوشەكە زۆر سەخت بووە".

بازنەی نەهامەتییەكان فراوانتر دەبێت، ئەوانەی سەردانی ئەو نەخۆشانەیەش دەكەن ژمارەیان روو لەزیادبوونە كە بەهۆی گوشاری زۆر و كەمی داو و دەرمان و كەرەستەی پزیشكی و پێداویستیەكانی نەخۆشەوە دەناڵێنن‌.

دكتۆر محەممەد معجم، جێگری سەرۆكی دەستەی نەخۆشخانەی سەورە دەڵێت: "رێژەی زۆری دانیشتووان زۆر هەژاربوونە، هەروەها رێژەی  برسیەتیش لە ناویاندا بەرزبووەتەوە، سەرەڕای رێژەی حاڵەتەكانی بەدخۆراكی زۆر لەنێو منداڵان زۆر زۆر بەرزە، نیوەی ئەو كەسانەی سەردانی نەخۆشخانەش دەكەن ئاوارەو پەراوێزخراو و هەژارانن".

هەزاران خاوەن خێزان كارەكانیان لەدەستداوەو مووچەكانیان بڕاوە، هەندێكیشیان پیشە سادەكانیان وەستاوە ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوشی تەندروستی و گوزەرانیان دروستكردووە، ئایا هەوڵەكانی ئاشتی سەركەوتوو دەبێت بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو نەهامەتیانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە