رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر هەسەدە نەگۆڕاوە و دەڵێت، ئیدارەکەیان لەگەڵ کشانەوەی سنووری سووریادا نییە.
میچ مێچێل، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە میانەی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی رووداو لەبارەی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، سەبارەت بەدوایین پێشهاتەکانی سووریا، ئیدارەی جۆ بایدن پێیوایە "کەوتنی رژێمەکەی ئەسەد دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئایندەیەکی باشتر دیاری بکەن."
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکات، کە داوا لە هەموو لایەک دەکەن پەنا بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە نەبەن. کاری هاوبەشی بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هاوبەش کە بۆ هەمووان بێت.
سەبارەت بە سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، میچ مێچێل گوتی، "تاوەکو ئێستا سیاسەتی ئیدارەی ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، هاوکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە، لەگەڵ دۆخەکە خۆیان دەگونجێنن، بەڵام ساسەتێکی نوێیان نییە" .
سەبارەت بە داواکاریی لایەنە کوردییەکان، ئەنەکەسە و پەیەدە و هاوپەیمانی کە داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن و ئەمریکا پشتیوانی کام لەو دوو داواکارییە دەکات، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتی، سیاسەتی ئیدارەی بایدن روونە، نایەوێت جارێکی دیکە سنووری سووریا بکێشرێت، لە ئێستا فۆکەسەکەی لەسەر پاراستنی خەڵکی سوریا بە هەموو ئایین و نەتەوە بەبێ هیچ جیاکاریی.
لەبارەی ئەوەی ئایا ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ ئەوانە بکات کە ئێستا دەستیان بەسەر سووریا داگرتووە بە سەرۆکایەتیی تەحریر شام، میچ مێچێل جەخت لەوەکردەوە، "ئەمریکا دامەزرێنەری سەرەکیی هاوپەیمانیی دژی تیرۆرە. ئیدارەی بایدن هەوڵدەدات رێگەنەدات هیچ گروپێکی تیرۆریستی خۆی بخزێنێتە نێو سووریا کە پشێوی و کێشەی تائیفی زیاتر بکات."
هەروەها راشیگەیاند، "ئەمریکا پشتیوانی لە حکومەتێکی نوێی بەهێز و خۆڕاگر و خاوەن سەروەریی بکات، کە بتوانێت هەموو خەڵک بپارێزێت بەبێ جیاوازیی."
سەبارەت بە سنووری ئەلبووکەمال و تووندۆڵکردنی ئەو ناوچانە، گوتی، "900 سەربازی ئەمریکا لە خاکی سووریا هەن، کاری هاوبەش بەردەوامە."
سەبارەت بە هەوڵی ئەمریکا بۆ لێکنزیکردنەوەی هەسەدە و تەحریر شام ئاماژەی بەوەشکرد، "هیوادارین پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ هەموو گەلی سووریابێت هەر لەگەڵ سووریا بەردەوام دەبین بۆ گەیاندنی هاوکاریی دیپلۆماسی و پێکهێنانی حکومەتی سووریا کە هەموو هاووڵاتیانی سووریا بپارێزن."
لەبارەی هێرشەکانی گرووپەکانی نزیک تورکیا بۆ سەر هەسەدە، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نێوبژێوانیکردن لەگەڵ تورکیا رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوبەشی هەرێـمی وەک میسر، تورکیا و ئیسرائیل. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەوڵەکانی بەردەوامە، وەک پرەنسیپ پەیامی ئیدارەی ئەمریکا هەموو لایەک پێویستە کارێکی هاوبەش بکەن بۆ گەلی سووریا و پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا کە خزمەتی هەموو خەڵکی سووری بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ