حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبووەوە

دوێنێ کاژێر 10:09
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد بەشیر بە فەرمی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی راگوزەر لە سووریا راسپێردرا و ئەمڕۆ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتەکە بەڕێوەچوو.
 
رۆژی سێشەممە (10-12-2024) لە دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتی راگوزەر بەڕێوەچوو. بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) فەرماندەی گشتیی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان.
 
محەممەد غازی جەلالی، سەرۆکی حکومەتی رژێمی بەشار ئەسەدی رووخاو و سەرۆکی حکومەتی کاتی و وەزیرەکانی پێشوو لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی رزگاریی نیشتمانی بەشداربوون.
 
لە کۆبوونەوکەدا، محەممەد بەشیر راسپێردرا بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی راگوزەر لە سووریا، تاوەکو یەکی ئاداری 2025. 
 
محەممەد بەشیر، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا دوای راسپاردنی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا. تیمی حکومەتی رزگاریی سووریا، کە لە ناوچەی ئیدلب و دەرووبەری کاری دەکرد بەشداربوون لەگەڵ تیمی حکومەتی سووریای رژێمی لابراو."
 
سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا گوتی: "ناونیشانی دانیشتنەکە گواستنەوەی دامودەزگا و دۆسییەکان بوو لە حکومەتی رژێمی لابراو بۆ حکومەتی کاتی سووریا، ئەوەش لە پێناو وەرگرتنی دۆسییەکان و راییکردنی کاروبارەکان". 
 
محەممەد بەشیر گوتیشی، "پشت بەخودا حکومەتەکە بۆ راییکردنی ماوەی راگوزەرە کە دەکرێت لە 1-3-2025 کۆتایی بێت. فەرماندەیی گشتیی رایسپاردووین بۆ راییکردنی کاروبارەکانی حکومەتی سووریا، تاوەکو یەکی مانگی ئاداری ساڵی 2025".
 
سەبارەت بە پێکهاتەی وەزیر و کابینەکەی، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سووریا ئاماژەی بەوەکرد، لە حکومەتی رزگاریی پێشووی سووریا، هەندێک وەزیر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و دامودەزگای گشتییان هەبوو. 
 
وەزارەتی هاوتایان لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی سووریای رژێمی لابراو هەیە وەک وەزارەتەکانی داد و ئەوقاف؛ ئەمانە وەزیریان هەیە. هەندێک دامەزراوەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، یاخود تێکەڵکردنی وەزارەتەکانن. ئەمانە لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، یاخود وەزارەتەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی رژێمی لابراو رێک و تێکەڵ دەکرێن.
 
رۆژی یەکشەممە (10-12-2024) حکومەتی رزگاری لە ئیدلیب بە یاوەری ئەحمەد شەرع و محەممەد بەشیر سەرۆکی حکومەیی رزگاریی گەیشتە دیمەشق.
 
بەشیر سەرۆکایەتیی حکومەتی رزگاری دەکرد کە ئۆپۆزیسیۆن پێش دەستپێکردنی هێرشەکەیان پێکیانهێنا، دوای 12 رۆژ لە هێرشەکانیان رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە