رووداو دیجیتاڵ
هەستیار قادر و مالیک محەممەد
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار رایگەیاند، ژمارەى سەربازە سوورییەکان کە روویان لە عێراق کردووە 1924 سەربازن، سەرجەم لە خێوەتێک دا دانراون، سەرجەم چەک و کەرەستە سەربازییەکانیان لێوەرگیراوە.
رۆژی 10ى کانوونى یەکەمى 2024، سەعد محەممەدى، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو سەربازانە وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، دواتر خۆیان بڕیار دەدەن کە بمێننەوە یان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان".
ئەو سەربازانەى سوپاى سووریا لەسەروبەندى کەوتنى دەسەڵاتى پێشووى سووریا لە 8ى کانوونى یەکەمدا پەنایان بۆ عێراق بردووە.
9ى کانوونى یەکەمى 2024 کارگێڕى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى سەر بە دەستەى تەحریرى شام بڕیارى لێبووردنى گشتى بۆ سەرجەم ئەو سەربازانە دەرکرد، کە بە خزمەتى زۆرەملێ لە ریزەکانی سووپا بوون
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار رایگەیاند: "ئەو چەک و کەرەستە و ئامێرە سەربازییانەى کە ئەو سەربازانەى سووریا لەگەڵ خۆیان هێنابوویاننە عێراق، لێیان وەرگیراون."
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، تورکی محەممەد خەڵەف، قایمقامی قەزای قائیم لە ئەنبار، بە رووداوی راگەیاند، "ژمارەی ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی سوپای سووریا کە هاتوونەتە خاکی عێراقەوە دوو هەزار و 130 کەسن و ئێستا وەکو پەنابەر لەسەر سنوور لەنێو سەربازگەیەکی سوپای عێراق جێگیرکراون."
بە گوتەی قایمقامی قائیم، شەش لەو سەربازانە بریندار بوون و چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە.
تورکی محەممەد دەڵێت، شێخەکانی قائیم وەکو رێزگرتنێک لێیان؛ رۆژی 8ـی ئەم مانگە سەرجەم ئەو سەربازانەیان بۆ ئێوارەخوانێک میوانداری کرد و دواتر گەڕێندرانەوە سەربازگەکە.
لەبارەی گەڕانەوەی ئەو سەربازانە بۆ سووریا، قایمقامی قائیم گوتی: "تائێستا دیارنییە کەی دەگەڕێنەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەڕانەوەیان نزیکە و لە سنوورەکان بەشێوەیەکی کاتی جێگیرکراون."
رۆژی 7ـی ئەم مانگە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 2000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە لە سنوورەکان هاتوونەتە نێو خاکی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ