وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: بۆ پاراستنی کورد لە سووریا قسەمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، دەبێت خەمی سەرەکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داهاتووی سووریا؛ پاراستنی کەمینەکانی ئەو وڵاتە بێت، بەتایبەتیش کورد. بۆ ئەو مەبەستەش قسەیان لەگەڵ ئیدارەی بایدن و وڵاتانی ئەورووپا کردووە.
رۆژی دووشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2024، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئۆرشەلیم، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی ئیسرائیل لەسەر پێگەی کورد لە سووریای نوێ رایگەیاند، "دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کار بۆ پاراستنی کورد بکات و ئێمە لەو پرسەدا، قسەمان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش کردووە."
ماوەی دوو رۆژە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات، هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کردووە و رۆژی سێشەممە، 10ی کانوونی یەکەم، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی منبجیان راگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە "دەبێت ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کوردی رۆژئاوای کوردستان کۆتاییان بێت."
سار گوتیشی: "هێرشەکانی دژی کورد هەروەکو لە منبج بینیمان، دەبێت بوەستێن. ئەوە پابەندیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرامبەر بەوانەی بە ئازایانە رووبەڕووی داعش بوونەوە و سەرکەوتن بەسەریاندا و هەروەها پابەندییانە بەرامبەر بە داهاتووی سووریا، لەبەرئەوەی کورد هێزێکی سەقامگیرن لەو وڵاتە."
داواکاریی هاوکاریکردنی کورد لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە فراوانتر بووە و ئایلێت شەکەد، وەزیری پێشووی دادی ئیسرائیلی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیوویەتی "دەبێت ئیسرائیل، ئەمریکا رازی بکات کە پشت لە کورد نەکەن."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت خەمی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سووریای نوێ، پاراستنی مافی کەمینەکان بێت. "زۆر گرنگە دڵنیابین لەوەی کەمینەکانی سووریا وەکو؛ کورد، درووزەکان، کریستیان و هەروەها عەلەوییەکان، دەپارێزرێن و دەبێت ئەو پاراستنەش بە کردار بێت نەک قسە،"
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لەگەڵ دەستپێکی پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سووریا و کۆنترۆڵکردنی تەواوی سووریا و رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا قسەی کردووە، بۆ پاراستنی کورد لە داهاتووی سووریا.
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە، باس لە چاوەڕوانی وڵاتەکەشیان دەکات بۆ سووریای نوێ و گوتی: "ئەوە تێگەیشتنی من کە پابەندییەکی ئەمریکی هەیە بۆ پاراستنی کورد. دەیەیەک لەمەوبەر لەبارەی هێشتنەوەی سووریا وەکو یەک وڵات کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو ناوچەکانی وڵاتەکە هەبێت، شتێکی ناواقیعییە، نووسیم و قسەم کرد. خاڵە لۆژیکییەکە ئەوەیە کە هەوڵی ئۆتۆنۆمی بۆ هەموو کەمینەکان لە سووریا، لە چوارچێوەیەکی فیدرالیدا بدرێت، ئەمە خاڵێکە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بیری لێبکاتەوە."