رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
" بەر لەوەى دۆخى سووریا تێکبچێت، 4400 هاووڵاتى لوبنانى بە رێگەى وشکانى و لەسەر ئەرکى وەزارتى کۆچ و کۆچبەران، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان."
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 4700 هاووڵاتیی لوبنانى بە رێگەى وشکانى و ئاسمانى گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، ئەمەش بەر لەوەى سنوورى وشکانى دابخرێت و عێراق گەشتە ئاسمانیییەکانى بۆ ئەو وڵاتە رابگرێت.
عەلى جەهانگیر، سەرۆکى لیژنەى گەڕاندنەوەى هاووڵاتییانى لوبنان لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەر لەوەى دۆخى سووریا تێکبچێت، 4400 هاووڵاتى لوبنانى بە رێگەى وشکانى و لەسەر ئەرکى وەزارتى کۆچ و کۆچبەران، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
گەڕاندنەوەى هاووڵاتییانى لوبنانى لە رێگەى وشکانییەوە لە سنوورى نێوان سووریا و عێراقەوە دەکرا، بەڵام بەهۆى ئاڵۆزییەکانى سووریاوە، ئەو سنوورە لە سەرەتاى ئەم مانگەوە داخراوە و گەڕانەوەى لوبنانییەکانیش لەو رێگەیەوە راوەستاوە.
عەلى جیهانگیر، کە هاوکات گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقە، گوتى "بە دوو کاروان لە رێگەى هێڵى ئاسمانیی عێراقەوە زیاتر لە 300 هاووڵاتی لوبنانی لەسەر ئەرکى وەزارەتەکەمان گەڕاونەتەوە، بەر لەوەى گەشتەکانى هێڵى ئاسمانى عێراقى رابگیرێت."
بەرپرسە عێراقییەکە هەروەها دەڵێ ئەو ئامارەى گەڕانەوە، ئەوانە ناگرێتەوە کە لەسەر ئەرکى خۆیان و بە رێگەى کۆمپانیاکانى دیکەى فڕۆکەوانى گەڕاونەتەوە.
لە 8ـی کانوونى یەکەمەوە، گەشتەکانى هێڵى ئاسمانى عێراق بۆ لوبنان بەشێوەیەکى کاتى راگیراون، بە گوێرەى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، راگرتنەکە بەهۆى دۆخى سووریاوە بووە.
کۆچى هاووڵاتیانى لوبنان بۆ عێراق لە یەکى تشرینى یەکەمى 2024 دەستیپێکرد، بەهۆى ئەوەى وڵاتەکەیان لە جەنگدا بوو لەگەڵ ئیسرائیل، ئاگربەستى شەڕ لەو وڵاتە لە 27ـی تشرینى دووەم کەوتە بوارى جێبەجێکردن و هەندێک لە هاووڵاتییانى لوبنان گەڕانەوە.
عەلى جیهانگیر گوتى "ئێستا زیاتر لە 7500 خێزانى لوبنانى لە عێراق ماون، کە زیاتر لە 22 هەزار و 500 کەس دەبن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ