رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار دان بەوەدا دەنێت کە سوپای وڵاتەکەی لە پشت تەقاندندەوەی ئامێرە پەیوەندییەکانی پەیجەری بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان بووە.
رۆژی یەکشەممە، 10-11-2024 بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند: "چەندین بەرپرسی بەرگری و سیاسی لە ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەر و لەنێوبردنی نەسروڵڵا لە دژم وەستانەوە."
نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد: "کاتێک ویستم نەسروڵڵا لەنێو ببەم، بچمە نێو پێگەکانی حەماس لە غەززە و چەندین شتی دیکە، چەند کەسێک لە کابینەی حکومەت دژم وەستانەوە."
رۆژی 17 ئەیلولی ئەم ساڵ هەزاران ئامێری پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە. رۆژێک دواتر سەدان ئامێری وۆکی تۆکی تەقینەوە؛ لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو ئامێرانە 39 کەس کوژران و 3 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای تەقینەوەکە حیزبوڵڵا رایگەیاند، ئیسرائیل لە پشت تەقاندنەوەی ئامێرەکانەوەیە، بەڵام ئیسرائیل نە نکۆڵی لێکرد و نە پشتڕاستیکردەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش تەقینەوەی ئامێرە پەیوەندییەکانی پەیجەر و وۆکی تۆکی بە "تاوانی جەگ" ناوبرد.
دوای تەقینەوەی ئامێرەکان میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، هەموو ئامێرێکی پەیجەر و وۆکی تۆکی کە لەلایەن حیزبوڵڵاوە بەکاردەهێنرا بە هەواڵگریی ئیسرائیلەوە بەسترابوویەوە و ئاگەداری هەموو جووڵەیەکی چەدارەکان بوون.
حیزبوڵڵای لوبنانی لە 8 تشرینی یەکەمی 2023وە هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕی حیزبوڵا و ئیسرائیل بەردەوامە.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگەوە سێ هەزار و 136 کەس لە لوبنان کوژراون و 13 هەزار و 879 کەسی دیکەش بریندار بوون. لەنێو کوژراوەکاندا 192 منداڵ و 618 ژن هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ