ئیسرائیل: لە هێرشەکەی حەماسدا 1200 ئیسرائیلی کوژراون، نەوەک 1400

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەی مانگی رابردووی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسدا بۆسەر باشووری ئیسرائیل 1200 کەس کوژراون، نەوەک 1400 کەس. 
 
رۆژی هەینی، 10-11-2023 لیۆر هایات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی 7-10-2023ی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر باشووری ئیسرائیل 1200 ئیسرائیلی کوژراون، نەوەک 1400 کەس و رایگەیاند، "ئەمە دوایین ژمارەیە و هۆکاری ئەم گۆڕانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر تەرم کەوتبوون کە نەدەناسرانەوە. ئێستا پێمان وایە ئەوانە (200 تەرمەکەی دیکە) تەرمی تیرۆریستەکانن، نەوەک ئیسرائیلییەکان".  
 
مەبەستی لیۆر هایات لە "تەرمی تیرۆریستەکان" بریتییە لە چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس، چونکە دوای هێرشەکەیان سوپای ئیسرائیل رووبەڕوویان بوویەوە.  
 
رۆژی 7-10-2023 سەدان چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە سوودوەرگرتن لە پاراگلایدەر و بەلەم و بەزاندنی بەربەستی کۆنکرێتی و تەلبەندی نێوان کەرتی غەززە و باشووری ئیسرائیل چوونە کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل. 
 
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکە حکومەتی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس 1400 کەسیان کوشتوون کە زۆربەیان کەسانی سڤیل بوون و زیاتر لە 200 کەسی دیکەشیان لەگەڵ خۆیان بردوون بۆ کەرتی غەززە. 
 
هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل جەنگ دژی بزووتنەوەی حەماس رابگەیێنێت و هەمان رۆژ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، حەماس "باجێک دەدات کە تاوەکو ئێستا وێنەی نەبووبێت". 
 
سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی چڕی کەرتی غەززە کرد و دوای نزیکەی 20 رۆژ لە هێرشەکەش دەستی بە هێرشی زەمینی کرد. 
 
نەتەنیاهوو دەڵێت، ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای وڵاتەکەی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە.