ئەنتۆنی بلینکن: ژمارەیەکی ئێجگار زۆر فەلەستینی کوژراون

10-11-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەیەکی ئێجگار زۆر فەلەستینی لەم جەنگەی ئێستادا کوژراون و داوا لە سوپای ئیسرائیل دەکات رێکاری زیاتر بگرێتە بەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی کوژراو و برینداران. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی، 10-11-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان لەبارەی جەنگی ئێستای نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و چەکدارانی دیکەی کەرتی غەززە قسەی کرد و گوتی، "ژمارەیەکی ئێجگار زۆر فەلەستینی کوژراون. ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش رووبەڕووی نەهامەتی بوونەتەوە. دەمانەوێت هەر کارێک بکەین کە لە دەستمان بێت بۆ ئەوەی رێگری لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیان بکەین و ئەو هاوکارییەش زیاتر بکەین کە بۆیان دەنێردرێت". 
 
ئەم گوتەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی تەندروستی غەززە بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە و 27 هەزار و 490 کەسی دیکەش برینداربوون. 1200 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و 7213 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەنتۆنی بلینکن گوتیشی، رێکارەکانی چەند رۆژی رابردووی سوپای ئیسرائیل، لەوانەش راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە هەر رۆژێکدا بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا خەڵكی بتوانن باکووری غەززە جێبهێڵن و بچنە باشووری ئەو ناوچەیەی فەلەستین، رێکاری باشن، بەڵام دەبێت کاری زیاتر بکرێت. 
 
بلینکن ماوەی 9 رۆژە دەستی بە سەردانێک بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا کردووە و لەو 9 رۆژەدا سەردانی 8 وڵات و ناوچەی کرد؛ ئیسرائیل، ئوردن، قوبرس، عێراق، ژاپۆن، کۆریای باشوور و هیندستان. بلینکن سەردانی شاری رامەڵڵایشی لە کەرتی رۆژئاوا کرد و لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کۆبووەوە.  
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوشێوەی ئیسرائیل، پاڵپشتی لە راگەیاندنی ئاگربەست ناکات، چونکە پێی وایە هەنگاوێکی لەو جۆرە دەرفەت دەداتە بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە. 
 
جەنگی ئەمجارەی نێوان چەکدارانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل رۆژی 7-10-2023 دەستی پێکرد، ئەوەش کاتێك چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل. هێرشەکە کاردانەوەی تووندی حکومەتی ئیسرائیلی بەدوادا هات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە