بەشێك لە کۆمارییەکانی ئەمریکا دژی "هێورکردنەوەی" ململانێکانن لەگەڵ ئێران

10-11-2023
لهۆن نەسرەدین
هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا.
هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گرتنەبەری سیاسەتی بەرپەرچدانەوە و دوورکەوتنەوە لە پێشڕەویی هێرشکردن کە ئیدارەی بایدن گرتوویەتیە بەر، ناڕازیبوونی بەشێک لە کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە. جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەڵێت، ێشڕەوی لە هێرشکردن و بەکارهێنانی هێز بە واتای راگەیاندنی شەڕ دژ بە ئێران دێت. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، نوێترین هێرشی ئاسمانیی ئەمریکایە بۆ سەر بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا. بەرگریی ئەمریکا دەڵێت هێرشەکان وەڵامێکن بۆ هێرشی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانیان.
 
کیت سێڵف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەسەر پشکی کۆمارییەکان دەڵێت، "ئێمە جارێكی دیکە هێرشمان کردەوە سەر گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا، بۆچی ئیدارەی بایدن رەتیدەکاتەوە پێشڕەوی لە هێرشدا بکات و  راستەوخۆ هێز بەکار بهێنێت؟ ئێوە وشەی هێورکردنەوە بەکاردەهێنن لە کاتێکدا لەو ناوچەیەدا تەنیا لە هێز تێدەگەن؟"
 
دەینا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "بەرگریی ئەمریکا هێرشی بەرگریکردنی لە خۆی کردووە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمدواییە کە کرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سووریا، بە روونی  بڵێم ئێران دەستی سەرەکی و باڵای هەیە لە پڕچەککردن، راهێنانپێکردن، هاوکاریکردن و ئاراستەکردنی ئەو میلیشیایانە؛ پێشڕەوی لە هێرشکردن و بەکارهێنانی هێز بریتییە لە راگەیاندنی شەڕ دژ بە ئێران لە کاتێکدا ئامانجی ئێمە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و رێگریکردنە لە تەشەنەسەندنی شەڕ".
 
پێنتاگۆن ئایشکرایکردووە دوای هەڵگیرسانی شەڕی غەززە بە دیاریکراوی لە 17ی تشرینی یەکەمەوە تاوەکو رۆژی 9ی ئەم مانگە 46 جار هێرشکراوەتە سەر  بنکە و هێزی هاوپەیمانان. 24 هێرش لە عێراق و هەرێمی کوردستان و 22 هێرش لە سووریا؛ بەشێکیان بە درۆن و بەشێکیشیان بە مووشەک بوون. 
 
فراوانکردنی بەرەکانی شەڕ بابەتێكە ئیدارەی بایدن زۆر لێی نیگەرانە، بە دیاریکراوی لە دوای شەڕی غەززە و هەڕەشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بە کردنەوەی بەرەی باشووری ئەو وڵاتە کە هاوسنووری باکووری ئیسرائیلە.
 
رۆژی 27-10-2023، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی: "فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا و سوپا هێشتا هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریی هێرشەکانی سەر بنکەکانی هاوپەیمانان دەکەن. ئێمە وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە، بەڵام ئامانجی سەرەکیمان بەرپەرچدانەوەیە تاوەکو هێرشی دیکە نەکرێن، وەک وەزیری بەرگری گوتی ئێمە نامانەوێت هەڵکشان بەم بارودۆخەدا بکەین. هیچ کەس بەدوای ململانێدا نییە لەگەڵ ئێران".
 
دوایین هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر لە هەرێمی کوردستان بووە لە شەوی 9ی ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە