گیانلەدەستدان لە غەززە بۆ سەروو 11 هەزار کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە و 27 هەزار و 490 کەسی دیکەش برینداربوون. 1400 کەسیش لە ئیسرائیل کوژراون و 7213 کەسی دیکەش برینداربوون.
رۆژی هەینی، 10-11-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمەوە 11 هەزار و 78 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون کە 4506 کەسیان منداڵ بوون.
وەک تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا 27 هەزار و 490 کەس بریندار بوون.
گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش بەردەوامن. تەندروستیی ئەو ناوچەیەی فەلەستین دەڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا 181 کەس لەو ناوچەیە کوژراون و زیاتر لە 2300 کەسی دیکەش لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە، تاوەکو ئێستا 1400 کەس لەو وڵاتە کوژراون، 7213 کەس برینداربوون و 239 کەسیش بارمتەن و لای چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسن لە کەرتی غەززە.
جەنگی ئەمجارەی نێوان چەکدارانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل رۆژی 7-10-2023 دەستی پێکرد، ئەوەش کاتێك چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر باشووری ئیسرائیل. هێرشەکە کاردانەوەی تووندی حکومەتی ئیسرائیلی بەدوادا هات.
رۆژی 9-11-2023 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رەتیکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی ئاگربەست لەگەڵ چەکدارانی غەززە رابگەیێنێت و گوتی، ئامانجیان ئەوەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس بهێندرێت و دوای ئەوە ئەو ناوچەیەی فەلەستین چۆڵ دەکەن.