پارێزگاری کرماشان: کۆڵبەری رێکدەخەین، بەڵام دەبێ عێراق هاوکار بێت

10-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری کرماشان دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ رێکخستنی کاری کۆڵبەری بەردەوامن و ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت لایەنی عێراقی لەو بوارەوە هاوکار بێت.
 
محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رۆژی پێنجشەممە، 9-11-2023، سەردانی شاری سەلاسی باوەجانیی ئەو پارێزگایەی کرد و لەگەڵ بەشێک لە خەڵکی شارەکە کۆبوویەوە. محەممەد تەیب سەحرایی باسی لە کۆڵبەری کرد و رایگەیاند، "هەوڵ دەدەین کاری کۆڵبەری لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان رێکبخەین و چەند دەروازەیەکی رێگەپێدراوی تایبەت بە کۆڵبەری لە چەند شوێنێکی سنووری پارێزگاکە بکەینەوە".
 
سەحرایی گوتی، "بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ئامادەین، بەڵام دەبێ لایەنی عێراقیش ئامادەیی تێدا بێت و هاوکار بێت".
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی 22-10-2023، قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی پۆلیسی ئێران لە سەردانێکدا بۆ شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "کۆڵبەری کارێکی نایاساییە و لە ئەگەری هەر هاتووچۆیەکی نایاساییدا لە سنوورەکان، هێزەکانی پاسەوانیی سنووری ئێران رووبەرووی دەبنەوە."
 
پارێزگاری کرماشان هەروەها گوتی، "دەمانەوێت بە جۆرێک کۆڵبەری رێکبخەین کە بەردەوام بێت، نەوەک ئەوەی بە شێوەی پچڕپچڕ جێبەجێ بکرێت؛ بۆیە بە جیدی بەدواداچوون بۆ بابەتی کۆڵبەری دەکەین و هیودارین کاتێکی زۆری نەخایەنێت و بە زووترین کات کۆتایی بەم بابەتە بهێنین."
 
سەردانی پارێزگاری کرماشان بۆ شاری سەلاسی باوەجانی دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2023، لە سنووری شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگایە بە هۆی تەقەی هێزەکانی پاسەوانیی سنووریی ئێران، شەش کۆڵبەر بریندار بوون کە هەر شەشیان خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بوون و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی، رەوانەی نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە کران.
 
بەپێی ئاماری نافەرمی، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 13 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 72 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە