سوپای ئیسرائیل: شەڕ لە دژی حەماس بەردەوامە و هیچ ئاگربەستێک نییە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممە، نزیکەی 50 هەزار کەسی دیکە لە باکووری کەرتی غەززەوە چوونە باشووری کەرتەکە و بەردەوام رێگە بە فەلەستینییەکان دەدەن ئەو ناوچانە جێبهێڵن. دەشڵێت، "شەڕ لە دژی حەماس بەردەوامە و هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نییە."
 
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند، "فەلەستینییەکان ناوچەکانیان جێدەهێڵن لەبەرئەوەی تێدەگەن کە کە حەماس کۆنتڕۆڵی باکووری غەززەی لەدەستداوە و ناوچەیەکی سەلامەتتر هەیە لە باشووری کەرتی غەززە کە خواردن، دەرمان و ئاویان پێدەگات. بۆیە تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 هەزار کەسی دیکە لە باکوورەوە بەرەو باشوور چوون."
 
لەبارەی گواستنەوەی خەڵکی دیکەی باکووری کەرتی غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە "لە سبەینێوە بەردەوام دەبین لە رێگەدانی هاووڵاتییان لە باکوورەوە بەرەو باشووری بڕۆن بۆ ئەوەی لە حەماس رزگاریان بێت." هەروەها گوتیشی، "حەماس کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و بەردەوامە لە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی باکوور."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، هەگاری گوتی، "شەڕی دژی حەماس دەکەین و هیچ ئاگربەستێک نییە،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ وەستاندنی تەواوەتی جەنگ، وێڕای ئەوەی کە بە گوێرەی کۆشکی سپی، ئیسرائیل رازیبووە رۆژانە چوار کاژێر شەڕ بوەستێنێت بۆ ئەوەی خەڵکی غەززە بەرەو باشوور بڕۆن. 
 
هەگاری ئاماژەی بەوەش کرد، "سڤیلەکانی غەززە لە باکوورەوە بۆ باشوور دەڕۆن لەبەر ئەوەی تێدەگەن حەماس وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاریان دەهێنێت."
 
زیاتر لە مانگێکە جەنگی نێوان گرووپە چەکارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەی کەرتی غەززەش چوونە نێو جەنگەکەوە. 
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 11 هەزار کەس کوژراون. هاوکات، بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئیسرائیلیش، بەهۆی مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و هێرشی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماسەوە زیاتر لە هەزار و 600 کەس کوژراون.