'مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق' دەڵێت ئەمڕۆ دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعەی عێراق، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوو جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل. دەشڵێن لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
ئەو گرووپە چەکدارانە لە دوو راگەیێندراودا کە هەمان ناوەڕۆکیان هەیە، بەڵام لە دوو کاتی جیاوازی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویان کردووەتەوە، رایانگەیاندووە: "لە بەردەوامبوون لەسەر رێبازی دژایەتیکردنی داگیرکار و بۆ سەرکەوتنی خەڵکەکەمان لە فەلەستین و لوبنان، لە وەڵامدانەوەی ئەو کوشتارگانەی لە دژی منداڵان و ژنان و پیر و پەککەوتەکان دەکرێت، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەیانی رۆژی پێنجشەممە بە درۆن هێرشیان کردە سەر باکووری خاکی داگیرکراومان".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە راگەیێندراوەکانی دووپاتی دەکاتەوە لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی "دوژمن" بەردەوام دەبن و زیاتریشی دەکەن.
لە دوای زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە بۆ سەر ئیسرائیل بە تایبەتی بەرزاییەکانی گۆلان زیادیان کردووە.
پێنجشەممەی رابردوو ئیسرائیل رایگەیاند لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئەو گرووپانەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان لە سووریا دوو سەربازیان کوژراون و 24ـی دیکەش بریندار بوون.
حەیدەر لامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا رۆژی 07-10-2024 بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، (موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق) زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر ئیسرائیل. میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، ئەو گرووپانە نزیکەی 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و 70٪ی ئەو هێرشانەش لە ئەیلوولدا بوون.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد. بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە لەو کاتەوە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.