جۆ بایدن: 14 هاووڵاتیی ئەمریکی لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماسدا کوژراون


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی رۆژی شەممەی بزووتنەوەی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، 14 هاووڵاتیی ئەمریکیش لەنێو کوژراوەکاندان. 
 
رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتارێکی پێشکێش کرد کە تایبەت بوو بە شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و سوپای ئیسرائیل و رایگەیاند، "لەم کاتەدا دەبێت زۆر روون بین. ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلین".
 
جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل زۆر نیگەرانی کردووە و گوتی، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی و 14 هاووڵاتیی ئەمریکی کوژراون. 
 
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئەمریکییەکان کرد جیاوازییە سیاسییەکانیان بەلاوە بنێن و پێکەوە یارمەتیی ئیسرائیلییەکان بدەن و گوتیشی، "لە ئەمریکادا شوێنی رق و کینە نابێتەوە- نە بەرامبەر جووەکان، نە بەرامبەر موسوڵمانەکان و نە بەرامبەر هیچ کەسێکی دیکە. ئێمە ئەوە رەت دەکەینەوە. ئێمە ئەم تیرۆریزمە رەت دەکەینەوە". 
 
جۆ بایدن هاوسۆزیی خۆی بۆ کەسوکاری کوژراو و بریندارەکان دەربڕی و گوتی، "هەمووتان دەزانن کە ئەم ترۆمایە ناڕوات. هێشتاش ژمارەیەکی زۆر خێزان هەن کە چاوەڕێی چارەنووسی ئازیزانیانن و نازانن ئایا زیندوون یان مردوون یان بە بارمتە گیراون".
 
ئەم گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاتن. ئەمە سێیەم پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە لە رۆژی شەممەوە. 
 
رۆژی شەممە بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر سوپای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە. شەڕی نێوان هەردوولا تاوەکو ئێستا بەردەوامە. 
 
رۆژی سێشەممە 10-10-2023 سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تەواوی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە ژێر دەستی بزووتنەوەی حەماس لە باشووری ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردوونەتەوە. 
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە 9-10-2023 "گەمارۆدانی تەواوەتی کەرتی غەززەی راگەیاند" و گوتی، رێگە نادرێت نە خواردن، نە گاز و نە کارەبا بچێتە نێو کەرتی غەززەوە.