حەماس هۆشداری دەدات: ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل درێژەبکێشێت ئێران و حیزبوڵڵا یارمەتیمان دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حەماس رەتیکردەوە ئێران و حیزبوڵڵا رۆڵیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل هەبووبێت و دەشڵێت "لە ئەگەری ئەوەی غەززە رووبەڕووی شەڕی لەنێوچوون ببێتەوە، هاوپەیمانەکانمان وەکو ئێران و حیزبوڵڵا بەشداری لە شەڕەکەدا دەکەن."
 
عەلی بەرەکە، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس ئەمڕۆ (سێشەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2023) رایگەیاند، هێرشەکەی سەر ئیسرائیل لەلایەن سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە پلانی بۆ داندرابوو، دەشڵێت، بەڵام هیچ لە هاوپەیمانە نزیکەکانی حەماس ئاگاداری هێرشەکە نەبوون.
 
سەرکردەکەی حەماس هەموو ئەو راپۆرت و دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لەوە دەکەن هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە پیلانی بۆ داڕێژرابێت، یاخود ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ حیزبوڵڵا هەڵکردبێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. 
 
ئێران و حیزبوڵڵا، بەگوتەی ئەو سەرکردەیەی حەماس، تاوەکو ساڵی 2014 یارمەتیی بزووتنەوەی حەماسیان داوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2014ـەوە حەماس خۆی توانیویەتی مووشەک دروستبکات و راهێنان بە چەکدارەکانی بکات. 
 
دەربارەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل بەشدارییان کردووە، عەلی بەرەکە دەڵێت، لە کۆی 40 هەزار چەکداری حەماس لە کەرتی غەززە، نزیکەی دوو هەزار چەکداریان بەشداری هێرشەکە بوون.
 
بەرەکە باسی لە ئامادەکارییەکەی حەماس بۆ شەڕەکە کردووە و دەڵێت "ئێمە، خۆمان باش بۆ شەڕەکە ئامادە کردووە و دەزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو سیناریۆکاندا بکەین، تەنانەت سیناریۆی ئەوەی ئەگەر شەڕەکە درێژەش بکێشێت."
 
ئەو گوتانەی سەرکردەکەی حەماس لەکاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە ئەو هێرشانە لەلایەن ئێرانەوە پیلانی بۆ داندراوە، بەڵام ئێران هیچ قسەیەکی لەوبارەیەوە نەکردووە.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ، نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیشدا شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
تائێستا بەهۆی شەڕەکەوە، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەسیش لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندارن.