سوپای ئیسرائیل: 1500 چەکداری حەماس لە ئیسرائیل کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زیاتر لە 1500 چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە ئیسرائیل کوژراون، دەشڵێت هێشتا ئەگەری دزەکردنی چەکدارانی حەماس بۆ نێو ئیسرائیل هەیە.
 
ریچارد هێکت، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ (سێشەممە، 10-10-2023) لە راگەیێندراوێکدا گوتی "نزیکەی هەزار و 500 تەرمی چەکدارانی حەماس لە ئیسرائیل و دەوروبەری غەززە دۆزراونەتەوە."
 
گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل سنوورەکانی کۆنترۆڵکردووەتەوە، دەشڵێت "لە دوێنێ شەوەوە هیچ چەکدارێک دزەی نەکردووەتە نێو ئیسرائیل، بەڵام هێشتا ئەگەری دزەکردنی چەکدارانی حەماس بۆ نێو ئیسرائیل هەیە."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و، لە هەندێک شوێنیشدا شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.
 
تائێستا بەهۆی شەڕەکەوە، 704 کەس لە کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 4000 کەسیش بریندار بوون، هەروەها 900 کەسیش لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.