د. بیلال وەهاب: ئێران براوەی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەبێت

رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینڤانێکی پەیمانگەی واشنتن، پێیوایە براوەی یەکەمی ئەم شەڕەی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەمریکا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ تاران.
 
د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: هێشتا ئەمریکا بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدا نییە بۆ تێوەگلانی ئێران لەم هێرشانەی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە کرانە سەر ئیسرائیل.
 
ئەو لێکۆڵینڤانەی پەیمانگەی واشنتن گوتیشی "تائێستا پێشهاتەکان وان؛ ئێران براوەی یەکەمی ئەم جەنگە و غەززەش زیانمەندی سەرەکی دەبێت، چونکە ئیسرائیل ئەگەر بە تەواوەتیش وێرانی نەکات، نیمچە وێرانی دەکات."
 
بەگوتەی لێکۆڵینڤان د. بیلال وەهاب، لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی سەرقاڵیی ئەمریکاوە بە رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەسەر ئاستی جیهان هاوکێشەکان گۆڕاون و چین و رووسیا بوونەتە زلهێز، بۆیە ئەمریکا نایەوێت دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بتەقێتەوە و هەرچیی پێ بکرێت، دەیکات بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و، دەیەوێت لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکدا ململانێ بکات نەک سەرقاڵ بێت بە ناوچەیەکەوە.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و سیاسەتمەدار لەبارەی پێشهاتەکانی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس گوتی: حەماس، بۆ شکاندنی شکۆی ئیسرائیل ئەم هێرشانەی کردووە، ئەگەرنا هیچی دەستناکەوێت.
 
ئەبوبەکر کاروانی، گوتیشی: خودی شەڕەکە پەیوەندی بە بلۆکبەندی و ململانێی زلهێز و هێزە ناوچەییەکانەوە هەیە، هەربۆیە بەردەوامیی ئەم شەڕە تەنیا لە فەلەستین نابێت و پڕیشکی بەر وڵاتانی ناوچەکەش دەکەوێت.
 
ئەو گوتانە لە کاتێکدان ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەبو عوبێدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام کە باڵی چەکداریی حەماسە، پەیامێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  لەبەرامبەر هەر بۆدوومانێک کە ئیسرائیل "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" دەیکاتە سەر غەززە، ئەوان بارمتەیەکی ئیسرائیلی دەکوژن، دواتریش بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و ئاگربەست راگەیاند، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا هەڕەشەی تووندی کرد و گوتی "هەر شوێنێک حەماسی لێ بێت وێرانی دەکەین."
 
هەر رۆژی دووشەممە (9-10-2023)، سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنەوەی کۆتا 7 ناوچە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماسی راگەیاند، گوتیشی: "چەند چەکدارێکی حەماس لە چەند شوێنێکی ئیسرائیلدا خۆیان حەشارداوە و بە زووترین کات کۆتایی بەوانەش دەهێندرێت."