لە فەلەستین بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کارەوە رێژەی هاوسەرگیری کەمبووەتەوە

رووداو -غەزە

دواکەوتنى هاوسەرگیری لە کۆمەڵگەى فەلەستینیدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بەتایبەت لەنێو کەسانەی کە تەمەنى 30 ساڵانیان تێپەڕاندووە. ناوەندى میزان بۆ مافى مرۆڤ لە غەزە هۆکارى درەنگکەوتنى گەنجان لە هاوسەرگیری بۆ خراپیی دۆخى ئابوورى و گرانبوونى تێچووەکەى دەگەڕێنێتەوە.
 
دواى ماوەیەک لە چاوەڕوانی، عەلا قەدیح لەگەڵ ماڵبات و هاوڕێکانى ئاهەنگى هاوسەرگیرى دەگێڕێت. عەلا تاکە کەس نییە کە بەوشێوەیە ئاهەنگ بگێرێت، بەڵکو یەکێکە لەو دەیان گەنجەى کە خێزانەکانیان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ ئەوەى ژیانى هاوسەرگیرى پێکبهێنن، بەتایبەت ئەوانەى کە تەمەنیان 30 ساڵى تێپەڕاندووە.
 
عەلا دەڵێت، "لەسایەى خوا ئەمڕۆ من زاوام، بۆیە سوپاسی خێزانەکەم و ئەندامەکانى دەکەم بۆ پاڵپشتیکردنمان و بۆ ئەم خۆشییە و ئاهەنگێران بۆمان، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، دووبارە سوپاسى خێزانەکەم دەکەم بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بەکۆمەڵە، بۆ 10 بووک و زاوا و لە هەمووان پیرۆز بێت."
 
دەسپێشخەریى هاوسەرگیرى بۆ گەنجان پێشوازییەکى گەورەى لێکرا، بەوپێیەى ئامانج لێى پێکهێنانى ژیانى هاوژینییە بۆ ئەو گەنجە فەلەستینیانەى شارى غەزە کە بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان رێژەى بێکارى تێیاندا بۆ 70٪ بەرزبووەتەوە.
 
مسعەب قەدیح ، سەرپەرشتیارى دەستپێشخەریەکەیە و باس لەوە دەکات، "لە نێو دەستپێشخەریی خێزانەکەمان ئاهەنگى هاوسەرگیرى بۆ دە گەنجى خانەوادەکەمان دەگێڕدرێت و داواکارین لە خودا کە ئەم هاوسەرگیرییە سەرەتاى خێر و هیوا بێت بۆ ئەو گەنجانە کە هاوسەرگیریکردنیان ئەستەم بوو. من زۆر دڵخۆشم، هەر 10 بووک و زاواکەش لێرە دڵخۆشن بەو هاوسەرگیرییە بەکۆمەڵە و خودا ئەم هاوسەرگیری و خۆشییە بە خێر تەواو بکات."
 
ناوەندى میزان بۆ مافى مرۆڤ لە غەزە هۆشداری لە دەرهاوێشتەکانی دواکەوتنى هاوسەرگیری دەدات.
 
سەمير زەقوت، بەڕێوەبەرى ناوەندى میزان بۆ مافى مرۆڤ دەڵێت، "80٪ی گەنجان و دەرچووى زانکۆکان بێکارن، بۆیە هەر کەسێک دەرفەتى کارى نەبێت، دەرفەتى ژیانیشی نابێت، چۆن بیر لە هاوسەرگیرى بکەنەوە، خۆیان بونیاد بنێن یان خێزان پێکبهێنن لەکاتێکدا ئەوان بەبێ داهات و کار بن؟ رەنگە خێزانەکانیشیان بێ داهات بن، بۆیە هەژاری و بێکارى لە هۆکارە سەرەکیی و راستەوخۆکانى دواکەوتنى گەنجانە لە هاوسەرگیرى."
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی شەرعی لە غەزە دەڵێت، ساڵى 2022 بەراورد بە ساڵى 2021 رێژەى هاوسەرگیرى 6٪ کەمیکردووە و رێژەى منداڵبوونیش 1٪ کەمیکردووە.
 
بەرزبوونەوەى رێژەى هەژارى، بێکارى و گرانى لە غەزە هۆکارى سەرەکییی دواکەتنى هاوسەرگیرین و پرۆسەکە بووەتە خەونێک کە هێنانەدى بۆ زۆربەى گەنجان ئەستەم بێت.