هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو سوود لە درۆن و ژیریی دەستکرد وەردەگرێت

10-09-2021
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو پێکهێنانی تیمێکی تایبەتی لە ناوچەکە راگەیاند کە ئەویش پشت بە بەکارهێنانی درۆن و ژیریی دەستکرد دەبەستێت.
 
فەرماندەیی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 09-09-2021 بڵاویکردەوە، تیمەکە زۆر سوود لە توانای هاوپەیمانەکانی ناوچەکەی وەردەگرێت.
 
براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم کارە لەبەر دوو هۆکار دەکەین. یەکەم، بەهێزکردنی ئاگاداربوونمان لە جموجۆڵەکانی نێو دەریا. دووەم، زیادبوونی توانای وەڵامدانەوەمان".
 
تیم هۆکینز، گوتەبێژی هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێت، ئەو تیمەی پێکهێندراوە بە جۆرێکە کە دەکرێت بتوانێت لەسەر رووی ئاو و ژێر ئاو چالاکانە کارەکانی راپەڕێنێت.
 
لە شوباتی رابردووەوە ئێران و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە دەستیان بە "شەڕێکی سێبەر" کردووە و کەشتییەکانی هەردوولا لە کەنداو هێرشیان کراوەتەسەر.
 
رۆژی 29ی تەممووزی 2021، هێرش کرایەسەر کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی لە کەنداوی عوممان و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران کە یەکێکیان بەریتانی و ئەوی دیکەیان رۆمانی بوو.
 
مانگی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت بڵاویانکردەوە کە تەواوی بەڵگەکان دەریدەخەن لەو هێرشەدا درۆن بەکارهێندراوە و ئێرانیش ئەنجامدەری بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە