بەرگریی شارستانیی غەززە: لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک 100 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە دەڵێت، ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەک و 90 بۆ 100 کەس کوژران، ئەمەش جگە لە برینداربوونی نزیکەی 45 کەسی دیکە. ئیسرائیلیش دەڵێت، "هێرشمان کردووەتە سەر ناوەندێکی حەماس."
رۆژی شەممە 10-08-2024 مەحموود بەسال، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، "ژمارەی ئەوانەی کوژراون ئێستا لە نێوان 90 بۆ 100 کەسە و دەیانی دیکەش بریندارن. ئیسرائیل بە سێ مووشەک هێرشی کردە سەر ئەو قوتابخانەیەی کە چەندین ئاوارەی فەلەستینی لەخۆ گرتبوو."
جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی رایگەیاند، "هێرشەکە لەکاتی نوێژی بەیانیدا بووە" و کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەش لە خەڵک ناونراوە "کۆمەڵکوژیی نوێژی بەیانی." نووسینگەی میدیایی غەززە رایگەیاند، "لە هێرشەکەی ئەم بەیانییە 100 کەس شەهید بوون." ئیسماعیل سەوابتە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەکە گوتی، زۆربەری بریندارەکان برینیان سەختە.
ئیسرائیل دانی بە هێرشەکەدا نا و بڵاویکردەوە، "لە قوتابخانەی تابعین ناوەندێکی فەرمان و کۆنترۆڵی حەماسمان کردە ئامانج لە گەڕەکی دەراج. چەندین هەنگاومان گرتەبەر بۆئەوەی مەترسیی سەر ژیانی سڤیلەکان کەم بکەینەوە؛ لەوانەش چاودێریی شوێنەکەمان کرد و پێش هێرشکردن زانیاریی هەواڵگریمان کۆکردەوە."
چەند سەرچاوەیەکی حکومیی غەززە باسیان لەوە کردووە، قوتابخانەکە نزیکەی 250 منداڵ و ژنی تێدابووە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 564 قوتابخانەی کەرتی غەززە، 477ـیان راستەوخۆ هێرشیان کراوەتەسەر یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. لە هێرشێکی هاوشێوەدا لە 06-06-2024 بۆ سەر قوتابخانەیەکی شاری دێر بەلح لە نێوەڕاستی غەززە، لانیکەم 33 کەس کوژران کە 12ـیان ژن و منداڵ بوون.
ئەم هێرشەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسی، "پێویستە جەنگی غەززە بوەستێت. پێویستە ئەمە بۆ هەموو لایەک روون بێت. وەستانی جەنگ بۆ خەڵکی غەززە، بۆ بارمتەکان و ئاساییشی ناوچەکەش گرنگە."
لەلایەکی دیکە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد "بەپەلە" حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست رێکبکەون. "بەریتانیا پێشوازی لە هەوڵە کۆڵنەدەرەکانی هاوبەشانمان لە قەتەر، میسر و ئەمریکا دەکات"؛ هەروەها باسی لەوە کرد، لەندەن "پشتیوانیی تەواو لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیان دەکات کە داوای دەستپێکردنەوەی دەستبەجێی گفتوگۆی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانیان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات."
رۆژی 08-08-2024 ئەمریکا، قەتەر و میسر لە راگەیێندراوێکدا داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاگربەستیان کرد کە لەدوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران وەستان.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە ئیسرائیل رایگەیاند، لەسەر داواکاریی سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە رازیبووە لە 15ی ئاب دەست بە دانوستاندن بکاتەوە.
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دوای هێرشێکی بزووتنەوەی چەکداریی حەماس بۆ سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل دەستی پێکرد. بەگوێرەی ئیسرائیل، ئەو رۆژە نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250 کەسیش بە بارمتە بران. بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستیی غەززەش کە پێش ئەم هێرشەی ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، 39 هەزار و 700 کەس لە غەززە کوژراون.