حەسەن نەسروڵڵا: حەماس هەر بڕیارێک لەبارەی ئاگربەست بدات، قبووڵی دەکەین

10-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، گرووپەکەی ئامادەیە هەر بڕیارێکی حەماس لەبارەی ئاگربەست قبووڵ بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئاگربەست جێبەجێ بکرێت، هێرشی سەر سنوورەکانی ئیسرائیل دەوەستێنن. 
 
رۆژی چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، حەسەن نەسروڵڵا، رێبەری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە گرتە ڤیدیۆیەکدا گوتی "حەماس لەجیاتی هەموو بەرەی مقاوەمە لە دانوستاندایە، هەرچییەک حەماس قبووڵی بکات، هەموومان قبووڵی دەکەین."  
 
گوتەکانی حەسەن نەسروڵڵا لەکاتێکدان، حەماس نوێنەرانی حەماس لە دەوحە لەگەڵ نوێنەرانی نێوەندگیرە قەتەڕی، میسری و ئەمریکییەکان لە گفتوگۆدان لەسەر دوایین پێشنیازی ئاگربەست. 
 
بزووتنەوەی حەماس بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کۆسپ بۆ گفتوگۆکانی ئاگربەست لە قەتەر دروست دەکات.
 
 رۆژی چواری ئەم مانگە، بنیامین نەتەنیاهۆ داوای لە شاندی ئیسرائیل کرد دەست بە ئامادەکاری بۆ دانوستان بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس دەستبەرداری ئاگربەستی هەمیشەیی بوو. 
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا گفوگۆکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا نەگەیشتوون بەوەی ئاگربەست رابگەیێنن. 
 
رۆژی دووشەممە، جۆن کێربی، هاوئاهەنگیکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکان ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا کەلێن لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا هەیە.
 
رۆژی 31ـی ئایاری ئەمساڵ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند. پلانەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. 
 
قۆناخی یەکەمدا بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە. 
 
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتاییبێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازادبکرێن. 
 
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە