رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، سێ هەزار و 100 رۆکێت لەنێو خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی حیزبوڵلای لوبنانی رایدەگەیێنن درۆنێکی ئیسرائیلییان لەنزیک سنوورەکانی لوبنان خستووەتە خوارەوە، سوپای ئیسرائیلیش خستنە خوارەوەی درۆنێکی لە نزیک سنوورەکانی لوبنان راگەیاند.
رۆژی دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند: "درۆنێکی جۆری Hermes900ـمان خستە خوارەوە، کە درۆنێکی سەربازییە و چەک و تەقەمەنی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ناوچەکانمان".
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا خستنەوارەوەی درۆنەکەی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "مووشەکێک ئاراستەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کراوە کە لە نزیک سنوورەکانی لوبنان خەریکی ئۆپەراسیۆن بوون". بەگوتەی سوپای ئیسرائیل، درۆنەکە "زیانی پێگەیشتووە و لەنێو خاکی لوبنان کەوتووەتە خوارە".
لە راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵا ئاماژە بەوەش راوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززە و دروستبوونی گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا چەندین درۆنی ئیسرائیلیان لە جۆری Hermes 900 و Hermes 450 لە سنوورەکانی لوبنان خستووە خوارەوە.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری رابردوو، دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل بەردەوام بەمووشەک یەکدیان کردووەتە ئامانج، لە چەند هەفتەی رابردوودا حیزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر چڕ کردووەتەوە و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا مەودایەکی فراوانتر لە خاکی لوبنان تۆپباران دەکات.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، 451 کەس لەنێو لوبنان کوژراون کە لانیکەم 80 کەسییان هاووڵاتی سیڤیل بوون. هەروەها ئەو گرژییانە، نزیکەی 100 هەزار سڤیلیان لە باشووری لوبنان ئاوارە کردووە. هەرچی ئیسرائیلییەکانە، 22 کەسیان لێکوژراوە کە 14ـیان سەرباز بوون، لانیکەم 80 هەزار ئیسرائیلییش لە ناوچەکانی باکوور ئاوارە بوون.
ئیسرائیل هەزار و 400 ئامانجی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە لەنێو لوبنان پێکاوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لە رێگەی هێرشی رۆکێت و تانکەوە، 3 هەزار و 300 ئامانجی پێکاوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە؛ لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، سێ هەزار و 100 رۆکێت لەنێو خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.
جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری رابردوو دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 200 کەسی کوشت و چەندین کەسی دیکەشی بەبارمتە گرت.
لەبەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بەو هۆیەوە نزیکەی 37 هەزار کەسی کوشت، کە زۆربەیان هاووڵاتییانی سیڤیل بوون، تاوەکو ئێستاش گفتوگۆکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ