رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەبەر داهاتووی وڵاتەکەی نابێت دەستبەرداری شەڕ ببێت، دەشڵێت، ئێستا لە حەوت بەرەوە شەڕ دەکەن، کە یەکێکیان عێراقە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست، گوتی، ئەوان ناتوانن بێ لەنێوبردنی حەماس کۆتایی بەو جەنگە بهێنن و ئاشکراشی کرد ئەوان ئێستا لە حەوت بەرەوە لە جەنگدان کە یەکێک لەو بەرانە عێراقە و گرووپە میلیشیاکان لەو وڵاتەکەوە خاکی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای پشتیوانی نێوخۆیی کرد: "ئێمە لە چەندین بەرەوە شەڕ دەکەین و ئەو دۆخەش پێویستی بە تەبایی نێوخۆیی هەیە. ئەگەر پێویستی بە هەمووان نەبێت، ئەوا پێویستی بە زۆربەمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو شەڕە بکەین."
نەتەنیاهوو گوتیشی: "دەبێت هەمووان لەوە بگەن ئێستا ئێمە لەشەڕداین لەدژی حەماس لە غەززە، لەدژی حیزبوڵلا لە لوبنان، لە دژی حووسییەکان لە یەمەن، لەدژی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا و هەروەها ئێران، لەگەڵ کەرتی رۆژئاوا."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا ئەوان لە رووی دیپلۆماسیش لە شەڕدان بەتایبەت لەدوای بڕیارەکانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، لەدوای ئەوەی داواکاری گشتی ئەو دادگەیە داوای دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو و یوئاڤ گڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیلی کرد.
نەتەنیاهوو لەبارەی وەڵامی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی ئەو شەڕەی تائێستا بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 37 هەزار فەلەستینی کە لەسەدا 70یان ئافرەت و منداڵن. گوتی: "ئەو جەنگە تاوەکو لەنێوبردنی حەماس و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دڵنیابوون لەوەی جارێکی دیکە غەززە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت."
ئەمە یەکەم لێدوانی نەتەنیاهوو لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی بێنی گانتز، ئەندامی باڵای کابینەی جەنگی ئیسرائیل وەکو ئاماژەیەکی روون لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل دەربارەی ستراتیژیەتی ئەو وڵاتە لە شەڕی غەززەدا.
لە گوتارێکدا، گانتر، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی "ناهێڵێت بەرەو سەرکەوتنێکی راستەقینە هەنگاو بنێین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ