حەماس: رەتکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلەوە هەموو شتێک دەباتەوە خاڵی دەستپێک
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت، ئەو پێشنیازەی لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە ئامادە کرابوو، ئیسرائیل رەتیکردەوە، ئەمەش هەموو شتەکان دەباتەوە خاڵی دەستپێک.
رۆژی هەینی 10-05-2024 بزووتنەوەی حەماس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "رەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەستی نێوەندگیرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە، هەموو شتێکی بردەوە خاڵی دەستپێک."
راگەیێندراوەکەی حەماس رۆژێک دوای ئەوە دێت، هەردوو شاندی بزووتنەوە فەلەستینییەکە و ئیسرائیل کە بۆ دانوستاندن لە قاهیرە بوون، بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە.
سەرەتای هەفتەی رابردوو، میسر، قەتەر، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا پێشنیازێکیان خستە بەردەم حەماس، بزووتنەوەکە رایگەیاند، "بە پێشنیازەکە رازین." دواتر ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێمە رازی نین."
لە دەقی پێشنیازەکەدا ئاماژە بە وەستاندنی جەنگ، ئازادکردنی بارمتە و بەندکراوەکانی هەردوولا، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە و لابردنی ئابڵوقەی سەر غەززە کرابوو.
پێشنیازەکە خۆی لە سێ قۆناخ دەبینیەوە و هەر قۆناخێک لە 42 رۆژ پێکدەهات، مەرجەکان بەمجۆرە بوون:
قۆناخی یەکەم (42 رۆژ)
وەستاندنی کاتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەردوو لا بۆ سەر یەکدی، هەورەها کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو رۆژهەڵات و دوور لەو ناوچانەی کە زۆر دانیشتووانی تێدایە تا دەگەنە ناوچەکانی نزیک سنوور لە هەموو ناوچەکانی غەززە.
لە ماوەی قۆناخی یەکەمدا، حەماس 33 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستدەکاتەوە چ زیندوو بن یان تەرم بن. حەماس هەموو ژنە بارمتە ئیسرائیلییە زیندووەکان و ئەو منداڵانەشی کە خوار 19 ساڵن و سەرباز نین، ئازاد دەکات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 30 منداڵ و ژن لە بەرامبەر هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، بەپێی ئەو لیستەی حەماس پێشكێشی دەکات کە ناوی ئەو کەسانەی تێدا دەبێت کە زۆرترین ماوەیە لە زینداندان.
وەستاندنی فڕینی فڕۆکەی سەربازی و هەواڵگری لە کەرتی غەززە رۆژانە بۆ ماوەی 10 کاژێر، لەو رۆژانەشی کە بارمتە و دیلەکان ئازاددەکرێن، بۆ ماوەی 12 کاژێر.
گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان. ناردنی یارمەتیی زیادکراو و پێویست و خواردن و سووتەمەنی بۆ کەرتی غەززە. ناردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ وەگەڕخستنی وێستگەی کارەبا و بازرگانی و کارپێکردنی ئامێرەکانی لابردنی داروپەردووی تێدا بێت. هەروەها نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان و نانەواخانەکان لە سەرانسەری کەرتی غەززە چاکبکرێنەوە و بخرێنەوەکار.
قۆناخی دووەم (42 رۆژ)
راگەیاندنی سەقامگیریی بەردەوام (واتە وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و دوژمنکارییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام) و دەستکردن بە جێبەجێکردنی پێش ئەوەی بارمتە و بەندکراوان ئاڵۆگۆڕ لە نێوان هەردوو لادا ئاڵۆگڕ بکرێن.
هەموو ئەو پیاوە ئیسرائیلیانەی بە بارمتە گیراون و لە ژیاندا ماون (چ سڤیل بن یان سەرباز)، لە بەرامبەر ئازادکردنی کۆمەڵێک دیلی فەلەستینی کە رێککەوتن لەسەر ژمارەیان دەکرێت، لە زیندان و بەندینخانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن، هێزەکانی ئیسرائیلیش بە تەواوی دەکشێنەوە دەرەوەی کەرتی غەززە.
قۆناخی سێیەم (42 رۆژ)
ئاڵۆگرکردنی تەرم و روفاتی مردووانی هەردوو لا دوای دۆزینەوە و ناسینەوەیان.
دەستکردن بە جێبەجێکردنی پلانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بۆ ماوەی 3 تا 5 ساڵ بە جۆرێک کە ماڵ و دامەزراوە سڤیلەکان و ژێرخان بگرێتەوە، هەروەها بە سەرپەرشتیی ژمارەیەک وڵات و رێکخراو لە نێویاندا میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان، زیانمەندبووەکان قەرەبووبکرێنەوە.
کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە ئابڵوقەی سەر غەززە.