رووداو - کەرکووک
لە سنووری پارێزگای کەرکووک گەنم هێشتا سەوز دەکاتەوە، بەر لەوەی دروێنەی گەنم لە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگاکە دەستپێبکات، بەبازاڕکردنی گەنم راگەیێندرا.
ئەیوب جیا لەوەی دەڕاسەی هەیە، هاوکات جووتیارە و گەنمیشی چاندووە؛ ئەو دەڵێت، تازە دروێنەی جۆیان دەستپێکردووە، بەڵام بۆ گەنم هێشتا ماویەتی. نیگەرانە لەو هەموو کێشەیەی لە سنووری کەرکووک دێتە پێش بۆ کاری جووتیارانی کورد.
ئەیوب سەمەد، جووتیار دەڵێت، "10 رۆژ بۆ 12 رۆژی دیکە ئینجا دروێنەی دێمی دەستپێدەکات، بەراو دەمێنێت، کە بەشێکی تائێستا ئاو دەدەین، هێشتا وا ئاوی دەدەین، تائێستا کە وا جۆ دروێنە دەکەین، کەچی ناهێڵن بیگەیەنینە بازاڕ و ناچار بەلاڕێدا دەیبەین."
بۆ ئەم ساڵ، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە گەنمی زەوی بە پلان و بێ پلانیش هەر وەربگرێت.
سایلۆکان بەڕووی وەرگرتنی گەنمدا کرانەوە، تەنیا بۆ یەک رۆژ 40 بارهەڵگر گەنم رادەستی سایلۆی کەرکووک کران، لە کاتێکدا بەپێی بەدواداچوونی پێشوەختەی رووداو، دروێنەی گەنم لە سنووری کەرکووک جارێ دەستی پێنەکردووە.
پشکنین بۆ گەنمەکە دەکرێت، کە بۆ یەک جۆر حەوت پشکنینە. حکومەت بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دیناری دیاریکردووە.
شەرەف ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی تاقیگە لە سایلۆی کەرکووک دەڵێت، "یەک تۆن گەنم 850 هەزار دینارە، رێنوێنییەکان هەمان رێنوێنیی ساڵی پارە و ئاسانکاریی تێدایە. گەنم یەک پلەیە و داشکاندنی بۆ دەکرێت بەپێی پاک و پیسییەکەی."
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە چەکی پارەی گەنمەکە بەبێ دواکەوتن رادەست بکات. وەزارەتی بازرگانی پێشبینیی بەرهەمهێنانی شەش بۆ حەوت ملیۆن تۆن گەنم دەکەن بۆ ئەم ساڵ لە تەواوی عێراق.
حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی گەنم لە عێراق دەڵێت، "زیاتر لە ساڵی رابردوو بە یەک ملیۆن تاوەکو یەک ملیۆن و نیو گەنم بەرهەم دێت. ئەمڕۆ دەستمان بە وەرزەکە کرد کە یەک ملیۆن و 800 هەزارمان هەیە، بەر لە دەستپێکردنی وەرز، هەر ئەوە بەشی چوار مانگ پشکی ئارد دەکات. سوپاس بۆ خودا، ئەمڕۆ وەرگرتن لە تەواوی پارێزگاکان دەستیپێکرد، کە لەم رۆژەدا تاوەکو ئێوارە یەک ملیۆن و 227 هەزار تۆن وەردەگرین. لە هەمان مێژووی ساڵی پار، نەگەیشتە 400 هەزار تۆن لەم مێژووەدا."
لە کەرکووک چوار سایلۆ و گۆڕەپانی وەرگرتنی گەنم هەن، مانگانە 18 هەزار و 500 تۆن گەنم دەدەنە 13 ئاش بۆئەوەی بکرێتە ئارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ