فەرمانبەرانی کارەبای لوبنان بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بایکۆت دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بایکۆتی فەرمانبەران، باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای لوبنان لە بەیرووتی پایتەخت چۆڵە و کەسی تێدا نییە. فەرمانبەران داوای پێدانی مووچە و زیادکردنیشی دەکەن.
جۆرج سەرکیز، سەرۆکی کۆمەڵەی فەرمانبەرانی کەرتی کارەبای لوبنان رایگەیاند، "ئێمە بایکۆتەکەمان بۆ سێ رۆژ راگەیاندووە و چاوەڕێی وەڵامی حکومەتین؛ ئەگەر هەڵوێستیان نەبێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو بڕیاری دیکە دەدەین و ناڕەزایەتییەکانمان بە شێوەیەکی دیکە دەردەبڕین، جیاواز لە بایکۆت."
بایکۆتی فەرمانبەرانی کەرتی کارەبای لوبنان، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانە. لە 12 مانگی رابردوودا ئەمە سێیەم جارە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای لوبنان بایکۆت دەکەن و حکومەتیش بێ وەڵامە.
بەهۆی داتەپینی بەهای لیرەی لوبنانی، مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بەشی بژێویی ژیانیان ناکات، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، حکومەتی لوبنانی بەڵێنی بە فەرمانبەرانی کەرتی کارەبا داوە، هاوکاریی داراییان بۆ دابین بکات، بەڵام ئێستا حکومەت لەو بەڵێنەی پەشیمان بووەتەوە و فەرمانبەرانی ئەو کەرتەش بایکۆتیان راگەیاندووە.
میلحم خەلەف، ئەندامی پەرلەمانی لوبنان دەڵێت، "ئەو دۆخەی هەموو تێیدا دەژین، بەتایبەتی لە کەرتی کارەبا و ئەو نادادیەی لەو کەرتەدا هەیە، پێموایە دەبێت حکومەت وەڵامی داواکارییەکانی فەرمانبەران بداتەوە و مافەکانیان بپارێزێت، بەتایبەتی لەم دۆخە زەحمەتە ئابوورییەدا."
حکومەت رۆژانە تەنیا چەند کاژێرێک کارەبا دابین دەکات و زۆربەی لوبنان پشتی بە کارەبای موەلیدە بەستووە، موەلیدەکانیش لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون.
بەگوێرەی بانکی جیهانی، ئەوەی لوبنان پێیدا تێدەپەڕێت، خراپترین قەیرانی دارایی و ئابووریی مێژووی نوێی جیهانە. داڕووخانەکە کە بەهۆی چەندین دەیە لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی وڵاتەوە بووە، لە تشرینی یەکەمی 2019 دەستیپێکرد.
لەنێو هەموو 10 لوبنانییەک، هەشتیان هەژارن و رێژەی هەژاری لە لوبنان گەیشتووەتە نزیکەی 80%. لە ساڵی 2019وە لیرەی لوبنانی زیاتر لە 95%ی بەهاکەی لەدەستداوە.