حەماس: تۆپی ئاگربەست لە یاریگەی ئیسرائیلدایە
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رایدەگەیێنێت کە نوێنەرانی گرووپەکە میسریان بەرەو قەتەر بەجێهێشتووە، حەماس دەشڵێت، "تۆپەکە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە یاریگەی ئیسرائیل دایە".
رۆژی هەینی 10ـی ئایاری 2024 بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "شاندی دانوستاندنکارمان قاهیرەیان بەرەو دەوحە بەجێهێشتووە؛ داگیرکار [ئیسرائیل] رەتیکردووەتەوە کە ئەو پێشنیازەکەی لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە پێشکێشکراوە قبووڵبکات".
میدیای میسری ئاماژە بەوە دەکات، شاندی دانوستاندنکاری حەماس و ئیسرائیل دوای دوو رۆژ لە گفتوگۆی چڕ میسریان بەجێهێشتووە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو حەماس رایگەیاند، ئامادەن پێشنیازی ئاگربەست بۆ راگرتنی شەڕ قبووڵ بکەن، ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ئەوان بەوشێوەیە ئاگربەستەکەیان قبووڵ نییە.
ئەو پێشنیازەی کە حەماس پێی رازیبووە ئەوەیە کە ئیسرائیل دەبێت سەربازەکانی لە غەززە بکشێنێتەوە و بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا حەماس بارمتەکان ئازاد بکات.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، ئەو پێشنیازەی حەماس بۆ راگەیاندنی ئاگربەست پێی رازی بووە "زۆر دوورە لە داواکارییە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل".
هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە ئیسرائیل دژی راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی بووە و رایگەیاندووە تاوەکو کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی حەماس شەڕ راناگرن.
سەرەڕای گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی، رۆژی سێشەممە ئیسرائیل چەند تانکێکی بەرەو باشووری شاری رەفەح نارد، کە هاوسنووری میسرە و دەکەوێتە دوایین خاڵی باشووری غەززە و دەروازەیەکی سنووریی ئەو شارەی داخست، کە هاوکاری و سووتەمەنی پێدا تێپەڕ دەبوو.
سوپای ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردەوە، دەروازەی رەفەحیان لە دیوی غەززەوە کۆنترۆڵکردووە.
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. تەندروستیی غەززە دەڵێت، 34 هەزار و 800 کەس لە غەززە کوژراون و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و 170 کەس کوژراون.