بەشار ئەسەد بە فەرمی بۆ لووتکەی داهاتووی کۆمکاری عەرەبی بانگهێشتکرا


رووداو دیجیتاڵ

سووریا رایگەیاند، بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە داوەتنامەیەکی فەرمی لە لایەن شا سەلمان، پاشای سعودیە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی داهاتووی کۆمکاری عەرەبی بکات، کە بڕیارە لە جەددە بەڕێوەبچێت. 

رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئایاری 2023، سەرۆکایەتیی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەسەد بانگهێشتنامەیەکی لە شا سەلمانی پاشای سعودیە بۆ بەشداری لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی پێگەیشتووە، کە بڕیارە لە 19-5-2023، لە شاری جەددە لە سعودیە بەڕێوەبچێت."
 
ئەو بانگهێشنامەی بەشار ئەسەد بۆ لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە کاتێکدایە، کە کۆمکارەکە رۆژی یەکشەممە، 7-5-2023، بڕیاری دا سووریا وەکو ئەندام وەربگرێتەوە، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ ئەسەد لە جەنگی نێوخۆی وڵاتەکە لێکدرایەوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 350 هەزار کەس و دەربەدەربوونی نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
 
ئەمریکا چەندین جار هۆشداریداوە کە نابێت پێش لێپرسینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق ئاسایی بکرێنەوە.
 
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە، 8-5-2023، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێمانوانییە لەم کاتەدا سووریا شایستەی گەڕانەوەی نێو کۆمکاری عەرەبی بێت."
 
لەدوای گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "گفتوگۆ و پێکەوەکارکردنی سووریا لەگەڵ وڵاتانی عەرەب بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی قۆناخی داهاتوو پێویست و گرینگە."
 
لە ساڵی 2011ـەوە، لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریا و لەسەر بنەمای "رەفتاری تووند"ی هێزە ئەمنییەکان دژ بە خۆپێشاندەران، کۆمکاری عەرەبی بڕياری هەڵپەساردنی ئەندامێتی سووریای دا.