رووداو دیجیتاڵ
تادێت؛ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە فراوانتر دەبن. ئیسرائیلییەکان دوو ئامانجی سەرەکیان هەیە. گوشاری زیاتر بۆ سەر چەکدارانی حەماس و ناچارکردنی غەززەییەکان؛ کەرتەکە جێبهێڵن.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت: "خەڵکی غەززە لە زۆنەکانی شەڕوپێکدادان دووردەخرێنەوە و زۆربەی ناوچەکانمان کۆنتڕۆڵکردوون و خراونەتە چوارچێوەی زۆنی ئاسایشی ئیسرائیل. لە هەمان کاتدا کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پلانی گواستنەوەی ئارەزوومەندانەی دانیشتووانی غەززە لەسەر بنەمای روانگەکەی سەرۆکی ئەمریکا."
ئیسرائیل لە 18ی مانگی رابردوو هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە لە سەرەتای مانگی ئادار کۆتایی هات.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی بن گۆریۆن، ئێستا ئیسرائیل دەستی بەسەر زیاتر 50٪ی کەرتی غەززە دا گرتووە. لە سەرەتای جەنگەکەش لانیکەم 133 هەزار غەززەیی کەرتەکەیان بەجێهێشتووە.
ئەمە جگە لە بلۆککردنی هاوکارییەکان و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ئەو مانگەی ئیسرائیل دەروازەکانی غەززەی بە رووی هاوکارییە مرۆییەکاندا داخستووە، ئەو رێکخراوە 170 جار هەوڵیداوە هاوکاریی بگەیەنێتە غەززەییەکان و ئیسرائیل رێگری دوو لەسەر سێی کردووە.
ئیسرائیلییەکان رایانگەیاندووە لەگەڵ چەندین وڵات؛ لە گفتوگۆدان بۆ گواستنەوەی غەززەییەکان.
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر دەڵێت: "لەبارەی کەرتی غەززەوە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک گواستنەوەی غەززەییەکان رەتدەکەینەوە جا ئەوە بەزۆرەملێ بێت یانیش هەروەکو ئیسرائیلییەکان بانگهێشتی بۆ دەکەن، ئارەزوومەندانە بێت."
بەگوێرەی راپرسییەکی مانگی رابردووی بەریتانیا؛ زیاتر 50٪ی غەززەییەکان حەز دەکەن لەو کەرتە نەمێنن؛ 13٪ی غەززەییەکان دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، 12٪یان حەز دەکەن روو لە میسر بکەن و 10٪شیان حەز دەکەن لە ئیمارات و قەتەر بژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ