رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

ماکرۆن لە 8-4-2025 لە میسرەوە لەبەردەم باری وڵاتەکەی وڵاتەکەی بۆ غەززە، قسە بۆ میدیاکان دەکات، وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی پلانی هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
رۆژی چوارشەممە (9ـی نیسانی 2025) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "دەبێت بە ئاراستەی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین هەنگاو بنێین، لە مانگەکانی داهاتووشدا ئەمە دەکەین."
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆنفرانسێک لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل رێکدەخات.
ماکرۆن لەبارەی کۆنفرانسەکەوە دەڵێت، "ئامانجمانە لەگەڵ سعودیە سەرۆکایەتیی ئەم کۆنفرانسە بکەین و لەوێ بتوانین هەنگاوی داننان بە هەردووکیان تەواو بکەین."
سەرۆککۆماری فەرەنسا پێیوایە، هەموو ئەوانەی بەرگری لە فەلەستین دەکەن، دەبێت ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بناسێنن.
فەرەنسا بەردەوام لایەنگری ئەوە بووە؛ دەبێت کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت کۆتایی بێت؛ لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەشەوە کە لە ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، بەردەوام ئەوەی دووپات کردووەتەوە.
ڤارسین ئەغابکیان، وەزیری دەوڵەتی فەلەستین بۆ کاروباری دەرەوە لەبارەی پلانەکەی فەرەنسا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین گوتی، ئەو هەنگاوەی فەرەنسا "دەبێتە هەنگاوێکی راست کە هاوتەریبە لەگەڵ پاراستنی مافەکانی گەلی فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت."
فەلەستینییەکان زیاتر لە 11 ساڵە داوایان پێشكێش کردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامێکی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
تائێستا 150 وڵاتی جیهان فەلەستینیان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناساندووە. لە ئایاری 2024 هەریەک لە ئێرلەندا، نەرویج و ئیسپانیا دانیان بە سەربەخۆیی فەلەستیندا نا، دواتر لە حوزەیراندا سلۆڤینیاش ئەو هەنگاوەی نا.
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکە هەن، بەڵام ئەمریکا، کەنەدا، زۆربەی رۆژئاوای ئەورووپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشووریان تێدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ