سێ کوڕی ئیسماعیل هەنییە لە غەززە کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئەنجامی بۆردوومانی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ کوڕ و سێ نەوەی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کوژران.
 
رۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل هەنییە، هەواڵی کوژرانی سێ کوڕی و سێ لە نەوەکانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "سوپاسی خودا دەکەم کە شەڕەفی شەهیدبوونی بە سێ کوڕم و ژمارەیەک لە نەوەکانم دا".
 
بەگوێرەی میدیای فەرمی حەماس، کوڕ و نەوەکانی ئیسماعیل هەنییە لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون لە کامپی شاتیئـی غەززە. فرۆکەکانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلەکەیان کردووەتە ئامانج و سەرجەم سەرنشینانی نێو ئۆتۆمبێلەکە کوژراون.
 
کوڕەکانی هەنییە بەناوەکانی حازم، ئەمیر و محەممەدن و نەوەکانیشی بە ناوەکانی ئامال، رزان و خالید بوون.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی بزووتنەوەی حەماس، تائێستا لەشەڕی دژی بە ئیسرائیلدا لانیکەم 60 کەس لە خانەوادەکەی کوژراون و دەڵێت، "خوێنی کوڕەکانم هیچ زیاتر نییە لە خوێنی غەززەییەکانی دیکە"، بەڵێنیش دەدات کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بن. 
 
 
تائێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی کوشتنی سێ کوڕەکەی ئیسماعیل هەنییە نەداوە. 
 
جەنگی غەززە کە 187 رۆژە بەردەوامە، بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 33 هەزار فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە لەسەدا 70یان ئافرەت و منداڵ بوون.
 
ئیسماعیل هەنییەی تەمەن 62 ساڵ، لەهەمان ئەو کامپەی کوڕەکانی تێدا کوژراون، لەدایکبووە و لە ساڵی 2016وە لە قەتەر نیشتەجێیە و 13 منداڵی هەیە.
 
لە ساڵی 2018، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئیسماعیل هەنییەی خستە نێو لیستی تیرۆری وڵاتەکەی، بە تۆمەتی ئەوەی دەستی لە کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی ئەمریکی لەنێو ئیسرائیلدا هەبووە.