لە غەززە هیچ سیمایەکی جەژن بەدی ناکرێت و شەڕ بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، بەڵام هیچ سیمایەکی جەژنی تێدا بەدی ناکرێت. 
 
ئەحمەد ئەبو عەمار هاووڵاتییەکی غەززەیە و دەڵێ "جەژنی ئەمساڵ جیاوازە، لەبەر ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی هەن. لە دۆخێکی ئاساییدا لە کاتی جەژن جل بۆ منداڵەکانمان دەکڕێن، بەڵام ئێستا تەنیا بۆ خۆراک دەگەڕێین بۆ منداڵەکانمان، یان تەنیا بەدوای شوێنێک دەگەڕێین بۆ ئەوەی تێیدا سەلامەت بین."
 
ئەحمەد باسی ئەوە دەکات لەبەرئەوەی هیچ شوێنێکی مانەوەیان نییە، خۆراک و ئاویشیان دەست ناکەوێت ''ئەمساڵ جەژن هیچ مانایەکی نییە."
 
پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، خەڵک هیچ ئامادەکارییەکیان بۆ جەژن نەکردووە. شەقامە وێرانبووەکان چۆڵن؛ ئەوەشی لە دەرەوەیە بەدوای دەستکەوتنی بڕێک خۆراکە بۆ منداڵەکانی. 
 
محەممەد، هاووڵاتیێکی دیکەی فەلەستینییە و باسی ئەوە دەکات "جیاوازیی زۆر لەنێوان ئەمساڵ و ساڵی رابردوو هەیە؛ ئەمساڵ ئێمە دەمانەوێت منداڵەکانمان دڵخۆش بن، بەڵام هیچ رێگەیەک نابینین بۆ دڵخۆشکردنیان. شەوی رابردوو بە شەقامەکان پیاسەیەکم کرد؛ نایبینم لێرە جەژن هەبێت، لێرە هیچ جەژنێک نییە.'' 
 
لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە لە حەوتی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە تائێستا، زیاتر لە 33 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، زیاتر لە 70 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
گفتوگۆکانی ئاگربەستیش لە رۆژانی رابردوودا نەبوونە هۆی راگرتنی شەڕ لەم رۆژانەی جەژندا.