قەتەر پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات

10-03-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، دەوڵەتی قەتەر پێشوازیی لە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە دامەزراوەکانی کۆماری سووریای عەرەبی دەکات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشتیی مەدەنی، بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوە و یاسا."
 
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری، "پێویستە چەک لە دەستی یەک سوپادا بێت کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات.. پێویستە لە پاراستنی سەروەری، سەلامەتیی خاک و سەربەخۆیی سووریا دڵنیابینەوە."
 
پێشوازییەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە لە 8 خاڵ پێکهاتبوو
 
بەپێی رێککەوتنەکە، هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی سووریا. هەروەها رێککەوتوون لەسەر ئەوەی شەڕ لە تەواوی سووریا بوەستێندرێت. 
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیێندراوەکەیاندا پشتگیریی تەواوی خۆیان "لە سەروەریی سووریا و خواستی گەلەکەی بۆ ئازادی، گەشە و خۆشگوزەرانی" دووپات دەکەنەوە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە