کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە بەڕێکەوت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتییەکی سەربازی لە ئەمریکاوە بۆ رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست بەڕێکەوتووە کە کەلوپەلی پێویستی بۆ دروستکردنی بەندەرێک لە کەرتی غەززە هەڵگرتووە.
بەپێی سوپای ئەمریکا، "رۆژی 9-3-2024 و دوای 36 کاژێر لە راگیێندراوی سەرۆک بایدن ئەمریکا بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتی غەززە لە رێگەی دەریاوە، کەشتی فرانک ئێس بێسن لە ئەمریکاوە بۆ دەریای نێوەڕاست بەڕێکەوت."
کەشتییەکە کەرەستەی دروستکردنی بەندەرێکی کاتیی لە کەرتەکە دەگوازێتەوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییەکە تایبەتە بە پاڵپشتی لۆجستی و لە بنکەی سەربازی لێنگلی کە کەوتووەتە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەڕێکەوتووە. هەروەها، "دروستکردنی بەندەرەکە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆییە."
ئەو راگەیێندراوەی سێنتکۆم دوای ئەوە دێت کە پێنجشەممەی رابردوو، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی کەرتی غەززە بە نیازن بەندەرێکی کاتیی لە کەناراوەکانی کەرتەکە دروست دەکەن.
رۆژێک دوای ئەو راگەیێندراوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، دروستکردنی بەندەرەکە نزیکەی دوو مانگی پێدەچێت.
بەڕێکەوتنی ئەو کەشتییە لەکاتێکدایە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 574 هەزار دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەڵەستین لە برسیەتی کوشندەدا دەژین.
هەروەها، ئەمریکا تەنیا نییە لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە. رۆژی هەینی، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا چووە قوبرس و ئامانجێکی سەردانەکەیشی ئەوە بوو بزانێت، تا چەندە گونجاوە زوو هاوکاری مرۆیی لەوێوە بگەیێننە غەززە؛ دووری نێوان قوبرس و کەرتی غەززە نزیکەی 400 کیلۆمەترە.
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، "دۆخی مرۆیی لە غەززە بۆ هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستینی، منداڵ و خێزانەکانیان زۆر خراپە. ئەوان پێویستییان بە پێداویستییە سەرەکییەکانە."
زیاتر لە پێنج مانگە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیوایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نییە.