مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەت بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت

10-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و یاوەریی قوباد تاڵەبانی، بەرەو دەوڵەتی ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە پەراوێزی لووتکەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک، سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان ئەنجام دەدات."
 
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی ئەم مانگە، لە شاری دوبەی لە ئیمارات بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ لەم دیدارانەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و لایەنە بەشداربووەکانی لووتکەکە و، فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش دەکرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی و گەشەپێدان، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە، ئەمە "بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردنی چالاکانەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانس و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەر و هاوبەشێکی کاریگەر و جێی متمانە لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."

 

 

 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە