میدیای نێوخۆیی فەلەستین کوژرانی کوڕێکی ئیسماعل هەنییە رادەگەیێنن

 
رووداو دیجیتاڵ 

میدیا نێوخۆییەکانی فەلەستین کوژرانی کوڕێکی ئیسماعیل هەنییە لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە رادەگەیێنن. 
 
رۆژی شەممە، 10ی شوباتی 2024، دوای ئەوەی ژمارەیەک هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نزیک لە ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی حازم ئیسماعیل هەنییە، کوڕی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسیان بڵاوکردەوە، میدیا نێوخۆییەکانی فەلەستین هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و دەڵێن: "کوڕەکەی ئیسماعیل هەنییە لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر گەڕەکی شێخ رەدوان لە شاری غەززە کوژراوە."
 
بە گوێرەی میدیای فەلەستینی، ئەو کوڕەی ئیسماعیل هەنییە، تەمەنی 22 ساڵ بووە و قوتابیی زانکۆ بووە. 
 
هەروەها، ئەمە یەکەمین کەسوکاری ئیسماعیل هەنییە نییە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژرابێت، بەڵکو میدیای نزیک لە حەماس و فەلەستین تاوەکو ئێستا کوژرانی 14 کەسیان لە کەسوکاری هەنییە راگەیاندووە؛ لەوانەش براکەی، نەوە و برازاکانی. 
 
پێشتریش 21ی تشرینی دووەمی 2023، میدیای نزیک لە حەماس رایانگەیاند "لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە محەممەد جەمال هەنییە، بەتەمەنترین نەوەی سەرۆکەکەی مەکتەبی سیاسیی حەماس کوژرا."
 
راگەیاندنی کوژرانی کورەکەی ئیسماعیل هەنییە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ، تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند: بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 28 هەزار و 64 کەس کوژراون و 67 هەزار و 611 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
هەروەها، تەندروستی غەززە دەشڵێت، "لە 24 کاژێری رابردوودا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 117 کەس کوژراون."
 
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی ئیسرائیل و کەرتی غەززە بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، کەتیبەی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرشەکەی حەماس و مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل لەلایەن گرووپەکانی کەرتی غەززەوە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون.