ئەمریکا دەست بەسەر 2100 تفەنگدا دەگرێت کە "لە ئێرانەوە بۆ یەمەن" دەنێردران

10-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم دەڵێت، هێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی عومان دەستی بەسەر زیاتر لە 2000 کڵاشینکۆڤدا گرتووە، کە بە گوتەی خۆی، لە ئێرانەوە نێردرابوون بۆئەوەی بگەنە دەستی حوسییەکانی یەمەن.
 
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی سێشەممەی سێنتکۆمدا هاتووە، چەکەکان رۆژی هەینی 6ی ئەم مانگە لە بەلەمێکی لە دار دروستکراودا دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
مایکڵ کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم دەڵێت، "لێشاوی نایاسایی چەک لە ئێرانەوە بەنێو رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا کاریگەریی ناسەقامگیرکەری لەسەر ناوچەکە هەیە." فەرماندەکە دەشڵێت، "پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چەسپاندنی یاسای نێودەوڵەتی."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، براد کووپەر، فەرماندەی هێزە ناوەندییە دەریاییەکانی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم بارە چەکە بەشێکە لە شێوازێکی بەردەوامی جموجۆڵە تێکدەرەکانی ئێران. سەرنجمان لەسەر ئەم هەڕەشانەیە. ئێمە بە وریاییەوە دەجوڵێینەوە بۆ دۆزینەوەی هەر جموجۆڵێکی دەریایی کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئازادی یان ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە."
 
تفەنگەکان دوای ئەوە دەستیان بەسەردا گیراوە کە کەشتیی USS Chinook بەلەمە دارینەکەیان دۆزیوەتەوە و ئەوانیش تاک تاک لەنێو تورەکەی سەوزدا پێچرابوونەوە، ئەمەش بەگوێرەی تیمۆسی هۆوکینز، گوتەبێژی کەشتیگەلی ژمارەی 5ی سوپای ئەمریکا کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراوە.
 
کەشتییەکانی USS Chinook, USS Monsoon و تێکشکێنەری مووشەکە رێنموونیکراوەکان USS The Sullivans دەستیان بەسەر چەکەکاندا گرتووە.
 
بە گوتەی سێنتکۆم، ئەو رێگەیەی کە چەکەکانی لەسەر دۆزراوەتەوە، "هەمان رێگەیە کە ئێران لە رابردوودا بۆ بەقاچاخبردنی باری نایاسایی بۆ حوسییەکانی یەمەن بەکاریهێناوە."
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی یەمەنەوە لە ساڵی 2014، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆی چەک خراوەتە سەر یەمەن.
 
ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە چەکی بۆ حوسییەکان ناردبێت، ئەگەرچی وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، بەڵگەیان هەیە تاران تفەنگ، هاوەن، مووشەک و چەکی دیکەی لە رێگەی دەریاوە گەیاندووەتە دەستی حوسییەکان.
 
حوسییەکانی یەمەن لە ئەیلوولی ساڵی 2014 دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرت و شارەکەیان بە حکومەتی دانپێدانراوی وڵاتەکە چۆڵکرد. هاوپەیمانییەکی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە لە ئاداری 2015 چووە نێو شەڕەکەوە بۆ یارمەتیدانی حکومەت. شەڕەکە بووەتە هۆی ئەوەی هەژارترین وڵاتی عەرەبی بکەوێتە لێواری قاتوقڕییەوە.
 
ئاگربەستێکی شەش مانگی، تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دوایی هات، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ نوێکردنەوەی. ئێستا مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ هەیە.
 
زیاتر لە 150 هەزار کەس لە ماوەی شەڕەکەدا لە یەمەن کوژراون، لەنێویاندا زیاتر لە 14 هەزار و 500 کەسی سڤیل هەن.
 
لەدوای بەسەرچوونی ئاگربەستەکەوە، هێرشی ناوبەناو ئەنجامدراون، لە کاتێکدا دانوستاندنکارە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ جەنگەکە دەدەن.
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا هێزی دەریایی ئەمریکا 70 تۆن سووتەمەنیی مووشەکی دۆزییەوە کە لەنێو تورەکەی پەیندا شاردرابووەوە؛ ئەوەش گوایە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن نێردرابوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە