وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بە تورکیامان گوتووە هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە بوەستێنن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەیانەوێت گرژییەکان لە سووریا و [رۆژئاوای کوردستان] کەمببنەوە؛ هەروەها دەڵێت، لەگەڵ تورکیا و چەند وڵاتێکی ناوچەکە قسەیان کردوووە بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر هەسەدە بوەستن.
رۆژی دووشەممە، 09-12-2024، ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت: "ئێمە دەمانەوێت گرژییەکان کەمببنەوە. نامانەوێت هیچ لایەنێک سوود لەم بارودۆخە وەرگرێت و بیقۆزێتەوە."
دیار کوردە لە میڵەری پرسی: "هەروەک خۆت باست کرد هەسەدە هاوبەشێکی گرنگە کە شەڕی داعش دەکات. هەوڵتانداوە قسە لەگەڵ تورکیا بکەن، کە پاڵپشتیی لەو گرووپانە دەکات، بۆ ئەوەی ئەم هێرشانەی سەر هەسەدە لە ناوچەکە بوەستێنن؟"
میڵەر گوتی: "لەگەڵ تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە باسی ئەمەمان کرد، دەمانەوێت گرژییەکان کەمببنەوە."
ئەمشەو دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە چەند شارێکی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا بیستران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی تەقینەوەکانەوە گوتی: "کۆگەکانی چەکی کیمیایی سەر بە ئەسەد لەنێوبران."
لەلایەکی دیکە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک، بە فڕۆکەی جەنگی هێرش کرایە سەر شوێنی پێشووی فەوجی تورتبی سوپای سووریا لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ. بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، سوپای ئیسرائیل لە یەک کاتدا هێرشی کردەسەر چەندین جبەخانەی چەکی قورس کە لە رژێمەکەی بەشار ئەسەد بەجێماون.
دەنگی تەقینەوە لە دیمەشق، حومس، حەما و لازقییەش بیستران.
دوێنێ دووشەممە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) هێرشیان کردەسەر شاری دیمەشق و حکومەتی بەشار ئەسەدیان دەرکرد. بەشار ئەسەد لەگەڵ ماڵباتەکەی هەڵاتن بۆ رووسیا.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
رووداو: لەبارەی منبج و هەسەدە، هەروەک خۆت باست کرد هەسەدە هاوبەشێکی گرنگە کە شەڕی داعش دەکات. گوتت کە ئەو هاوبەشە گرنگەی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەهۆی هێرشەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا سەرقاڵکراوە، هێرشەکان لە منبج و کۆبانێ و تەنانەت لە قامیشلۆش کراون. هەوڵتانداوە قسە لەگەڵ تورکیا بکەن، کە پاڵپشتیی لەو گرووپانە دەکات، بۆ ئەوەی ئەم هێرشانەی سەر هەسەدە لە ناوچەکە بوەستێنن؟
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لەگەڵ تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە باسی ئەمەمان کرد، بە روونی گوتمان، هەروەک کەمێک پێش ئێستا وەڵامی پرسیارەکانم دایەوە، کە ئێمە دەمانەوێت گرژییەکان کەمببنەوە. نامانەوێت هیچ لایەنێک سوود لەم بارودۆخە وەربگرێت و بیقۆزێتەوە.
رووداو: ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکی لەنێویاندا سیناتۆر کریس ڤان هۆڵن و لیندزی گراهام، دەڵێن ئەمریکا نابێت پاڵی لێبداتەوە و بێخەم بێت بۆ ئەو شتانەی کە لە سووریا روودەدەن، هەروەها دەبێت پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان بکەن کە شەڕکەری دژ بە داعشن. دەبێت پشتیوانی لەو کوردانە بکرێت بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان. ئایا ئێوە داوای وەستاندنی ئەم هێرشانە دەکەن، لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات؟
ماتیۆ میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هەروەک گوتم، ئێمە دەمانەوێت گرژییەکان کەمببنەوە.