سوودانى: بژاردە بۆ گەلى سووریا بەجێبهێڵن و فرە رەنگییەکەى بپارێزن

09-12-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، گرنگە بژارە بۆ گەلى سووریا بەجێبهێڵدرێت بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتى هەبێت بۆ پاراستنى یەکپارچەیی خاکى سووریا و فرە رەنگییەکەى.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، چاودێریی رووداوەکانى سووریا دەکەن و هیواى زۆریان هەیە بۆ ئەوەى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنى ئاسایش و سەروەریى سووریا. 
 
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەبۆنەى یادى "رۆژى سەرکەوتن" بەسەر داعشدا بوو، کە ئەمڕۆ 9ى کانوونى یەکەم لە بەغدا پێشکێشى کرد.
 
سوودانى گوتى: "گرنگە بژارە بۆ گەلى سووریا بەجێبهێڵدرێت و رێز لە ئیرادەى ئازادیان بگیرێت لە پاڵ بەرپرسیارێتیى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى یەکپارچەیی خاکى سووریا و فرە رەنگییەکەى".
 
رۆژی سێشەممە، 10ى کانوونى یەکەمی 2024، حەوت ساڵ بەسەر سەرکەوتنى عێراق بەسەر رێکخراوى داعش تێپەڕ دەبێت، لەو رۆژەدا شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا لە دەستی رێکخراوەکە دەرهێندرا.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: "ئەمڕۆ تیرۆر هیچ جێ پێیەکى لەسەر خاکى عێراق نەماوە و پاشماوەکانیشیان هیچیان لە بەردەم نییە جگە لە بەزین و راکردن نەبێت لەبەردەم هێزە چەکدارەکانمان."
 
سوودانی بە پێویستی زانی، هەموو ئەو بۆشاییانە پڕ بکرێتەوە، کە ساڵی 2014 داعش توانی لێیانەوە دزە بکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە